دێلا پۆرتا پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد

کۆمەڵناسێکی ئیتاڵیی بەناوی دۆناتێلا دێلا پۆرتا، پەیامێکی پشتگیری بۆ بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ" بڵاو کردەوە ڕایگەیاند، تەڤگەری ئازادی کورد هەنگاوی گرنگی ناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆناتێلا دێلا پۆرتا، کۆمەڵناسی ئیتاڵی پەیامێکی بۆ پشتگیریکردنی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ" نارد و ڕایگەیاند، کە پشتگیری لە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد دەکات.

 

دێلا پۆرتا ڕایگەیاند، کە گەلی کورد لە خەباتی درێژخایەنی خۆیان لە دژی سیاسەتەکانی تواندنەوە، ناسنامەی نوێی کۆمەڵایەتییان درووست کردووە، کە لە سنوورەکانی دەوڵەت تێپەڕیوە.

 

دەقی پەیامەکەی بەم شێوەیەیە:

پشتگیری تەواو لە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد دەکەم. گەلی کورد لە خەباتی درێژخایەنی خۆیان لە دژی سیاسەتەکانی تواندنەوە، ناسنامەی نوێی کۆمەڵایەتییان دروست کردووە کە لە سنوورەکانی دەوڵەت تێپەڕ دەبن. هەروەها کاریگەریی کۆلۆنیالیزم و هەوڵەکانی لەناوبردنیان، دابەشبوونی خاک و ئەزموونەکانی ئاوارەیی بۆ فەلەستینییەکان و گەلانی تری ژێردەستە ئەزموونی گەورەی دروست کردووە، کە ئەمەش چەمکەکانی ڕزگاریی نوێ و شێوازەکانی نوێی بوونگەرایی گەشە پێداوە. نزیکبوونەوە لە تەڤگەرە جیهانییەکان لەسەر پرسەکانی مافی زایەندی، پرسەکانی ژینگە، ڕەگەزپەرستی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارێتییەکی بنەڕەتی بۆ هەموو گەلانی ژێردەستە دروست کردووە. تەنها بە ئاشتی و گفتوگۆ دەکرێت ئەو بارودۆخانە دروست بکرێن کە ڕێگا بۆ جیهانێکی تر خۆش دەکەن. تەڤگەری سیاسی کورد لەم لایەنەوە هەنگاوی گرنگی ناوە.

 

دۆناتێلا دێلا پۆرتا کێیە؟

کۆمەڵناسە ناودارەکەی ئیتاڵیا دۆناتێلا دێلا پۆرت ساڵی ١٩٥٦ لەدایک بووە، بە کارەکانی لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دژایەتیی توندوتیژی سیاسیی و پشتیوانی دیموکراسی لە جیهاندا ناسراوە، لە پاریس ماستەری تەواو کردووە و لە پەیمانگای زانکۆی ئەوروپا لە فلۆرەنسا دکتۆرای وەرگرتووە.