دڕکەو مێکوتە کامپەکانی ئاوارەبوون لە غەززە دەگرێتەوە
لە ناو هۆشدارییەکان لە مەترسیی پەرەسەندنی بڵابوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان، بەتایبەت لە نێوان منداڵاندا، هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە دڕکەو مێکوتە لە کامپەکانی ئاوارەبوون لە غەززە، لە ماوەیەکی کورتدا تۆمار کران.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی تەندروستی لە کەرتی غەززە شاهیدی داڕمانێکی خێرایە لەگەڵ تۆمارکردنی بڵاوبوونەوەیەکی فراوانی نەخۆشیی دڕکەو مێکوتە لە نێوان ئاوارەکاندا لە ناوەندەکانی پەناگەکردن و کامپەکانی ئاوارەبوون.
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ٢٣ی تەمووز ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی تەندروستی کە سەرکردایەتی دەکرێت لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە، نزیکەی نۆ هەزار و ٣٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە دڕکەو مێکوتە، کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی زۆر درمە و بەهۆی ڤایرۆسی ڤاریسێلا-زۆستەرەوە دروست دەبێت، تووشی خوران و پەڵەی پێست دەبێت، زیاتر لە منداڵاندا باوە و لە ڕێگەی هەناسەدان یان بەرکەوتنەوە دەگوازرێتەوە، لە ماوەی تەنها دوو هەفتەدا تۆمار کراون، ئەوەش دوای بەدواداچوونی حاڵەتەکان لە زیاتر لە ١٣٠ دامەزراوەی تەندروستیدا، هەروەها تووشبووەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگای خان یونس چڕ بوونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی مەواسی کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە نیشتەجێبووەکان لە خێوەتەکاندا لەخۆ دەگرێت کە بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
لایەنە تەندروستییەکان ئەم بەرزبوونەوە تیژەیان گەڕاندەوە بۆ قەرەباڵغیی توند لە ناو شوێنەکانی ئاوارەبوون، تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، لاوازیی ڕێکارەکانی پاکوخاوێنی گشتی، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، کە ئەمانە هۆکارن بۆ خێراکردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، بەتایبەت لە نێوان منداڵاندا.
پزیشکەکان لە نەخۆشخانەی ناسیری لە شاری خان یونس پشتڕاستیان کردەوە کە ڕۆژانە دەیان حاڵەتی نوێی توشبووان پێشوازییان لێ دەکرێت، کە زۆربەیان منداڵن و نیشانەکانی دڕکەو مێکوتەیان هەیە، پسپۆڕان ڕوونیان کردەوە، کە سەختیی جیاکردنەوەی تووشبووان لە ناو کامپە قەرەباڵغەکاندا دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بە خێرایی، بەتایبەت کە گواستنەوەکە پێش دەرکەوتنی پەلکە سوورەکان دەست پێ دەکات، بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا ماوەی گەشەکردنی نەخۆشییەکە نزیکەی دوو هەفتەیە.
ئاوارەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی نەخۆشییەکە لە ناو جادرەکاندا، کە تێیدا جیاکردنەوەی منداڵە تووشبووەکان لەژێر سایەی تەسکیی ڕووبەرەکان و بەرزیی پلەکانی گەرمادا سەختە، ئەوەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە نێوان ئەندامانی خێزان و ئەوانەی دەوروبەریاندا زیاتر دەکات.
ڕاپۆرتە تەندروستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کەرتی غەززە نزیکەی هەزار و ٦٠٠ شوێنی پەناگەی ئاوارەکان لەخۆ دەگرێت، لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی مشک و مێروو و تەنۆلکە زیانبەخشەکان لە ٨٣٪ی ئەو شوێنانەدا چاودێری کراوە، لەگەڵ کۆبوونەوەی زباڵە و دزەپێکردنی ئاوەڕۆ، ئەوەش ئەگەری پەرەسەندنی نەخۆشییە گواستراوەکان زیاتر دەکات.
لە هەمان چوارچێوەدا، بەرپرسانی تەندروستی هۆشدارییان دا لە تۆمارکردنی بەرزبوونەوەیەکی پێشینە نەبینراو لە نەخۆشییە پێستییەکاندا، بە شێوەیەک کە هەفتانە هەزاران تووشبوو چاودێری دەکرێن، لەگەڵ دەرکەوتنی سەدان حاڵەتی نوێ لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە دۆزینەوەی یەکەمین حاڵەتی تووشبوون لە هەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا، لە ئەنجامی خێراییی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە ژینگە قەرەباڵغەکاندا.