٦٠ زیندانیانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی كێشەی تەندروستی بوونەتەوە

کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران، سەبارەت بە دۆخی ژنانی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،٦٠ زیندانیانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی كێشەی تەندروستی بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران، سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ٦٠ زیندانیانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی كێشەی تەندرووستیی بوونەتەوە، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە سەختەکان، بێبەشکردنی بە ئەنقەست لە خزمەتگووزاری پزیشکی ژیانی زیندانیانی بەتایبەتی بەساڵاچووان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم کێشەیە بەهۆی بێبەشکردنی سیستماتیک و بەربڵاو لە دەستگەیشتن بە چارەسەر و دەرمان ئاڵۆزتر دەبێت، هەروەها بارودۆخی تەندرووستیی فاتمە زیابی، شیوا ئیسماعیلی، مەرزییە فارسی، ئیلاهی فولادی، تاهیرە نووری، فەوروغ تەقی پوور مەترسی لەسەر تەندرووستیان هەیە.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران گرتە ڤیدیۆیەک لە قسەکانی فائزە هاشمی ڕۆژنامەنووس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ئێران بڵاوکرایەوە کە زیندانی ئێڤین بە هوتێل پێناسە دەکات و گوایە هەموو پێداویستییەکی بۆ دابینکراوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی لەنێو زیندانییانی سیاسی پێشوو و خێزانەکانیان.