ماڵپەڕێکی نوێ بۆ خوێندن بە شێووەی ئۆنڵاین لە ئەفغانستان کرایەوە

پرۆفیسۆر و جێگری سەرۆکی کاروباری ئەکادیمی لە زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان، ڤیکتۆریا سی فونتان، ماڵپەڕێکی نوێی بە ناوی "هاوپەیمانی بۆ پەروەردەی ژنان لە ئەفغانستان" کردەوە، کە ڕێگەی پێدەدات بە شێوەی ئۆنلاین بخوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان چەندین یاسای دەرکرد کە ژنانی لە زۆر بوار دوورخستەوە و ڕێگری لە خوێندنی ژنان کرد، خوێندنی ئۆنلاین بوو بە تاکە دەرفەت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو بۆشاییە پەروەردەییە بکەنەوە.

 

ڤیکتۆریا سی فونتان، مامۆستای یاریدەدەری کاروباری ئەکادیمی لە زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان لە لاپەڕەی AX ی خۆیدا بڵاوویکردووەتەوە کە ئەوان زۆر خۆشحاڵن بە کردنەوەی ماڵپەڕە نوێکە، کە وەک ناوەندێک دەبێت بۆ پەروەردەکردنی ژنان لە ئەفغانستان.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هەوڵدەدەن هەلی خوێندنی ئۆنلاین و ڕووبەڕوو بۆ ژنان لەژێر بارودۆخی سنووردارکردنی توند و کەمبوونەوەی سەرچاوە و ئاستەنگییە ئابوورییەکاندا زیاد بکەن، هەروەها لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بۆ پەروەردەی ژنان لە ئەفغانستان، ئەندامانی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەیەکی کارکردن بنیات دەنێن بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکارییەکی جیاواز و چارەسەری کاتیی سەبارەت بە پەروەردەیەکی باش بۆ ژنان لە ئەفغانستان.

 

ڤیکتۆریا سی فونتان، وتی: هاوپەیمانییەکە وەک سەکۆیەک بۆ هاوکاری و بنیاتنانی پەیوەندی بەهێز لە نێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکان، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی نیشتمانی بێت، ئەم ڕێکخراوە وەک بەستەرێک کاردەکات کە ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن هەوڵەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا هاوبەش بکەن بۆ باشترکردنی ئاسۆی پەروەردەیی ژنانی ئەفغانستان.

 

دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، چەندین کۆت و بەند و یاسای دەرکرد کە ژنانی لە هەموو بوارەکان دوورخستەوە، لەوانە مافی خوێندن، کار، ئامادەبوون لە کۆمەڵگە، گەشت، گەشتوگوزار و چەندین یاسای دیکە کە بەهۆی ناڕەزایەتی ژنان دژی ئەو یاسایانە چەندین ژن دەستگیر کران، زیندانیکردن و ناچارکران بەو ژیانە ڕازی ببن کە تاڵیبان بۆی دیاریکردبوون.

 

شایەنی باسە ئەم دامەزراوە پەروەردەییە، "هاوپەیمانی بۆ پەروەردەی ژنان لە ئەفغانستان"، هەوڵدەدات خوێندنی کوالیتی بەرز بۆ ژنان لە وڵاتەکەدا دەستەبەر بکات.