دووبارە شەڕ و پێکدادان لە سودان سەریهەڵدایەوە

هەرچەندە هەردوو لایەنی سوپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا، بانگەوازی ئاگربەستیان بۆ مانگی ڕەمەزان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

كەناڵی سكای نیوز لە بارەی دووبارە سەر هەڵدانی شەڕ و پێكدادانەكان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوومی پایتەختى سوودان زانیاری نوێی بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ جارێكی دیكە هێزی ئاسمانی سوودان چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پشتیوانی خێرایی لە چەند گەڕەكێكی خەرتوم بۆردومان كرد.

 

هەفتەیەک لەمەوبەر، هەردوولا ڕاگەیانگەیاند لە مانگی ڕەمەزاندا ئاگربەست دەكەن، بەڵام حكومەتی سوودان چەند مەرجێكی بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە دانا و دەڵێن: پێویستە هێزەكانی پشتیوانی خێرا هەموو ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن، كە لە خەرتومی پایتەخت و دارفوور و كۆردۆفان كۆنترۆڵیان كردووە، جگە لە ویلایەتی جەزیرە و نیلی سپی لە ناوەندی وڵات.

 

لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایش، داوای لە ئەنجوومەنەكە كرد ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سوودان بگرێتەبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بڵاویكردەوە، تۆم پێریلۆ، نێردراوی تایبەتی نوێى وڵاتەکەیان لە سوودان، چەند كۆبوونەوەیەک لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی تاوتوێكردنی هەوڵەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ ئەنجام دەدات.