شاندی ئیمرالی: پشتیوانی گشتی گرنگترین فاکتەری ئاشتی دەبێت

شاندی ئیمرالی ڕایانگەیاند، کۆبوونەوەکان بەرژەوەندی هەمەلایەنەی هەبووە، "پاڵپشتی بەردەوامی گەل بۆ ئەو هەوڵانە گرنگترین فاکتەر دەبێت لە بنیادنانی ئاشتی و چارەسەردا، لە نزیکترین کاتیشدا دەچینەوە ئیمرالی".

ناوەندی هەواڵ


لە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە زیندانی ئاسایشی بەرزی ئیمرالی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دیداریان ئەنجامدا، دوای دیدارەکە و لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ شاندەکە لەگەڵ ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی مێردین، کە قەیووم لە جێگەی دانراوە، لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارە زیندانییەکان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.

 

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، سەبارەت بە ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانیان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بەمشێوەیەیە:

“لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا، سەردانی بەڕێز ئۆجەلانمان لە ئیمرالی کرد و چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا، دوای ئەم چاوپێکەوتنە و لەسەر داواکاری ئەو، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ پەرلەمانی تورکیا، پارتە سیاسییەکان و هەڤاڵە زیندانییکراوە سیاسییەکانمان ئەنجامدا.

 

لە ٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا، سەردانی بەڕێز نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیامان کرد و چاوپێکەوتنەکانمان دەستیان پێکرد، چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی داهاتوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، پارتی سەعادەت، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی دەوا و پارتی ڕەفەح بەردەوام بوو، لە نێوان ١١-١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا، سەردانی هاوسەرۆکانی پێشووەمان و هەڤاڵە سیاسییە زیندانیکراوەکانمان کرد و لەگەڵ بەڕێزان فیگەن یوکسەکداغ، سەلاحەدین دەمیرتاش، لەیلا گوڤەن و سەلچوک میزراکلی چاوپێکەوتنمان ئەنجام دا.

 

ئەم چاوپێکەوتنانەمان لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتیی و لەسەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هاوسەرۆک و دەستەکانی پارتەکەمان، لەگەڵ پێکهاتەکانی پارتەکەمان، لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەی کە هاوپەیمانمانن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە لەگەڵیاندا کار دەکەین، دەستی پێکردووە و بەردەوامە.

 

سەرەتا، ڕێز و سووپاسی خۆمان پێشکەش بە هەموو پارتە سیاسییەکان و بەرپرسە بەڕێزەکانیان دەکەین کە بە گەرمی و دڵفراوانییەوە پێشوازییان لێکردین، بیروبۆچوون و پێشنیارە بەنرخەکانیان بە ئێمە گەیاند و بە زمانێکی زۆر بنیاتنەر خەم و ڕەخنەکانیان دەربڕی.

 

خاڵی سەرەکی ڕۆژەڤی سەردانەکەمان ئەوە بوو کە ئەنجامەکانی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بە ئەوان ڕابگەیەنین و ئەو بارودۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە پێکەوە هەڵبسەنگێنین، بە کورتی، ئەم داواکاری و ئیرادەیە، بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی پێکدادان، بەرپرسیارێتی مێژوویی بەهێزکردنی یەکێتی تورک و کورد، بەرپرسیارێتی پێشهاتە ڕادیکاڵ و گەڕانەوە نەکراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەوەستێت و دیاری دەکات کە پەرلەمانی تورکیا و سیاسەتی دیموکراتی گرنگترین زەمینەی چارەسەرییە.

 

هەموو چاوپێکەوتنەکانمان بە دڵسۆزی و بە هیوایەکی ئەرێنی تێپەڕین، سەرۆکە پایەبەرزەکان و شاندەکانیان پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی، لەگەڵ ئەمەشدا نیگەرانی و پێشنیارەکانیان لە بابەتە جۆراوجۆرەکاندا هەبوو، ئەم نیگەرانی و پێشنیارانە لە بنەڕەتدا لەسەر شەفافیەتی پرۆسەکە و جێبەجێکردنی لە ناو پەرلەمانی تورکیادا ڕادەوەستن.

 

شاندەکەمان لە چاوپێکەوتنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانی و پرسیارەکان ڕوونکردنەوە دا، ئەو تێڕوانینەی کە لە چاوپێکەوتنەکان بەدەستمان هێنا ئەوەیە کە داواکاریی و ئیرادەیەکی هاوبەش لە هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە و هەموو لایەنەکان دەیانەوێت پرۆسەی ناکۆکی و ئاڵۆزیی کە بەهۆی پرسی کوردەوە دروست بووە لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن، تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە و پێشخستنی یەکێتیی و برایەتی هەموو پێکهاتە ئەتنیکی، ئاینی و مەزهەبییەکان لە وڵاتەکەمان، بۆ بەرژەوەندیی و چاکەی هەمووانە، ئەمە هەڵوێستی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە، بابەتێکی تری پەیوەندیدار بەمەوە ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆی دیموکراتیزەکردنی گشتیی و فراوانکردنی گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتی.

 

چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ سەرۆک و هەڤاڵە زیندانیکراوەکانمان زۆر ئەرێنی تێپەڕین، هەڤاڵانمان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئەو ڕۆڵە دەربڕی کە بەڕێز ئۆجەلان و دەم پارتی دەیگێڕن، ڕایانگەیاند کە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زەمینەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئەرێنی جێبەجێ دەکەن.

 

لەم سەردەمەدا کە ئێمە لەسەر ئاشتی، دیموکراسی و یەکێتی تورکیا و ناوچەکە ڕادەوەستین، ئەو شێوازە جیاوازیخوازانە و پێشداوەرییانەی کە جار بە جار لە میدیای نووسراو و بینراودا ڕووبەڕوویان دەبینەوە و ئەو بوارە گومانلێکراوەی کە دروست دەکرێت، کارەکەمان قورس دەکات، دەزانین کە هەموو کەس و بەشە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بەم پرۆسەیە خاوەن هیوا و داواکارین، لە هەمان کاتدا نیگەرانی، هەستیاریی و پرسیاری هەموو کەسێک هەیە، ئێمە لەم تێگەیشتنەداین، لە پرۆسەیەکی هەستیاری وەهادا، بڵاوکردنەوەی قسەی دروستکراو و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕۆژەڤی وا کە هەندێک جار سنوورە ئەخلاقییەکانیش تێدەپەڕێنێت، گەرمکردن و هاندانی شەڕە و هیچی تر نییە.

 

لەگەڵ هەموو تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە باشەکانمان، لە ماوەیەکی کورتدا سەردانی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین و بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ڕێگای پتەو و بەهێز بگاتە ئاشتیی و چارەسەرییەک بنیات بنرێت، هەوڵێکی گەورە دەدەین.

لە بنیاتنانی ئاشتیی و چارەسەرییدا، پشتگیری گەل بۆ ئەم چاوپێکەوتنانەمان دەبێتە گرنگترین فاکتەر.”