وتنى گۆرانی کوردی بووەتە تاوان و بەهۆیەوە پێنج کەس دەستگیرکران
لە ڕۆژی ٢٣ـی ئەم مانگە بەهۆی ئەنجامدانى هەڵپەڕکێ و وتنى گۆرانی کوردی لە شاری ئیستەنبوڵ، دەوڵەتی تورک پێنج هاوڵاتیی کوردی دەستگیرکردووە
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا دەربارەی دەستگیرکردنی پێنج هاوڵاتیی کورد لە ئیستەنبوڵ بەهۆی وتنى گۆرانی و ئەنجامدانى هەڵپەڕکێی کوردییەوە بڵاویکردەوە، کە لە ڕۆژی ٢٣ـی ئەم مانگە بەهۆی ئەنجامدانى هەڵپەڕکێ و وتنى گۆرانی کوردیی لە شاری ئیستەنبوڵ، دەوڵەتی تورک پێنج هاوڵاتیی کوردی دەستگیرکردووە.
هەردوو هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەی ئەسینیورت ڕۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئارینا لەناو دەستگیرکراوەکاندان.
لای هەمووان ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا بێ بوونی هیچ تۆمەتێک هاوڵاتیان دەستگیر دەکات و دواتر بەتۆمەتی 'پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن و ئەندامێتی لە رێکخستنی قەدەغەکراو'ڕەوانەی دادگایان دەکات بەهەمان شێوە ئەمانیش لە پاش دەستگیرکردنیان بە هەمان تۆمەت ڕەوانەی دادگا کراون و دواتر ھەریەک لە ڕۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئارینا بە مەرجی چاودێری یاسایی ئازادکراون و سێ کەسەکەی دیکەش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.