ڕۆنووس: بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان ئەوپەڕی شکستە و نابێت لێی بێدەنگ بین

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت: داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق و دەزگا فەرمیەکان دەکەین خۆیان بە بەرپرسیار بزانن.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ-ڕۆنووس ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی دەولەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی، لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادق بڵاوکردەوە.

 

جێی ئاماژەیە، بە هۆی بۆردوومانەکەوە، گۆڵستان تارا، خەڵکی باکووری کۆردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و هێرۆ بەهادین خەڵکى شارەدێى سەنگاو، کە کارى مۆنتێرى دەکرد لە کۆمپانیاى چەتر گیانیان بەختکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوى ڕێبین بەکر، کە تەمەنى ٣٠ ساڵە و خەڵکى سلێمانییە و سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەترە، بریندار بووە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

بەداخەوە بەیانیی ئەمڕۆ ٢٣ ئاب لە نزیک قەزای سەیدسادق لە بۆردومانێکی درۆنییدا سێ ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ستێرک کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ژنە ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەستدا و یەکێکی تریشیان بە سەختی برینداربوو.

 

ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ“ ڕۆنووس” وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی هێرشەکە، کارەکە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و پێشێلکردنی سەرجەم بنەما و بەندەکانی مافی مرۆڤ دەزانین و پێمان وایە دەستبردن بۆ ژیان و گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازیی و ئەمنیەکاندا کارێکی زۆر نامرۆڤانە و شەرمهێنەرە بۆ ئەنجامدەرانی.

 

هێڕش وپەلاماری تیمی ڕۆژنامەنووسان لە ژێر هیچ ناوێکدا جێگەی نابێتەوە لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت و ئەنجامدەرانی سەرکۆنە دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئێمە لە ڕۆنووس داوا دەکەین فشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەرفراوان دروستبکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی کە ژیان و گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسیەوە و داگیرکارانی خاکەکەمان بەناوی ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنەوە هەر ڕۆژە و لە شوێنیکی ئەم نیشتمانەوە گیانی هاونیشتمانیەکانمان دەکەنە قوربانی و ئێستا کار گەشتۆتە ئەوەی دەست ببرێت بۆ ژیانی ڕۆژنامەنووسانیش.

 

داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق و دەزگا فەرمیەکان دەکەین خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامار و داگیرکایە بەردەوامانەی کە ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان دوژمنانی گەلی کورد ئەنجامی دەدەن و چیدی تەنها تەماشاکاری کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد نەبن.

 

داواکارین لە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هەنگاوی جدی بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و هەموان پابەند بکەن بە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازی و ئەمنیەکاندا.

پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیەکان و تەواوی ڕۆژنامەنووسان و کەناڵی ستێرک و هاوڕێیانی هەردوو ڕۆژنامەنووس دەکەین و دەخواین خوێنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ببێتە هەوێنی کۆتاییهاتنی هێرش و پەلاماری دوژمنانی نەتەوەی کورد و کۆتاییهێنان بە ستەم و داگیرکاری دوژمنان.