لە ئیتاڵیا و کۆڵۆمبیا پشتگیری لە هەڵمەتی دژی لەسێدارەدان کرا

لەلایەن ژنانی ئیتاڵیا و کۆڵۆمبیاوە پاڵپشتی لە هەڵمەتی کژار بە دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار، لە یادی ١٤ ساڵەی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و هاوەڵەکانی، هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد"یان دەستپێکرد، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان پاڵپشتی ئەم هەڵمەتەیان کرد هەروەها چالاکوانانی کۆڵۆمبیا و ئیتاڵیا پشتیوانیان لەو هەڵمەتە کرد.

 

هەماهەنگی ژنان لە ئیتاڵیا پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ کەژار نارد و ڕایگەیاند کە پشتگیری لەو ژنانە دەکەن کە لەلایەن ئەو ڕژێمانەوە پێشێلکاریان بەرامبەر دەکرێت کە دوژمنایەتی ژنان دەکات.

 

لە پەیامەکەدا داوای ئازادکردنی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی کردووە و دروشمەکانی "نا بۆ سزای لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد" ، "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترانەوە.

 

هەروەها ژنانی کۆڵۆمبیا پشتگیریان لە هەڵمەتەکە کرد و ڕایانگەیاند کە پشتگیری لە هەڵمەتی کەژار دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەکەن.

 

ڕۆژی ٢٣ی تەمووز، پەخشان عەزیزی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها ڕۆژی ٤ی تەمووزیش شەریفە محەمەدی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئەو دوو چالاکوانە ماوەی چەند هەفتەی لەژێر چاودێریدا ماونەتەوە و تووشی ئەشکەنجە و کردەوەی دژ بە مرۆڤایەتی بوون.