دۆخی نائاسایشی خۆراک تا دێت خراپتر دەبێت
بە پێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تێکچوونی زیاتری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە باکووری یەمەن بووەتە هۆی خراپبوونی نائاسایشی توندی خۆراک.
یەمەن
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، خراپتربوونی نائاسایشی خۆراک لەو ناوچانە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بۆ ٪٤٤ بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا ٪٤١ بووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕێژەی ئەو خێزانانەی بەدەست بێبەشبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن لە ناوچەی سەر بە حوسییەکان بە ڕێژەی ٪٥ زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خراپتربوونی قەیرانی نائاسایشی خۆراک.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیادبوونی نائاسایشی خۆراک لەو ناوچانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی هۆکارە ئابووری و وەرزییەکانەوەیە، بەردەوامی دابەزینی هاوکارییە خۆراکییە گشتییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، هەمووی هۆکارن جگە لە نەبوون یان لەدەستدانی هەلی کار و داهات.
لە لایەکی دیکەوە، بوارەکانی کاریگەری حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی شایەتی خاوبوونەوەی قەیرانی نائاسایشی خۆراک بوون، بەو پێیەی لە مانگی حوزەیراندا ڕێژەی ئەو ماڵانەی کە خۆراکی کەمیان بەکارهێناوە بووەتە لە ٪٤٨.
هەروەها ڕێکخراوی فاو ئاشکرایکردووە کە پارێزگاکانی ئەبیان، لاهج، ڕەیمە، شەبوە، تایز، جەوف، حەجا، دەلەعی و بەیدە ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی بەرچاو بوونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگە بدرێت بە فراوانکردنی بازنەی پاڵپشتی خێرا و بەپەلە، لەوانەش یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزاریەکان و بژێوی ژیان لەو پارێزگایانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی، بۆ کەمکردنەوەی ئەم قەیرانانە.