خۆبەڕێوەبەری شەنگال ئەنجامی کۆنفڕانسی "بۆ پێکهاتەی ئێزیدی دادپەروەری و ئازادی" ئاشکرا کرد
کۆنفڕانسی ١٠یەمین ساڵیادی جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان بە دروشمی "بۆ پێکهاتەی ئێزیدی دادپەروەری و ئازادی" بە ڕاگەیاندنی ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات و داوایانکرد تاوانبارانی جینۆساید دادگایی بکرێن و کۆمەڵکوژیی سەر ئێزدییەکان بە فەرمی بە جینۆساید بانسێندرێت.
شەنگال
خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کۆنفڕانسێکی بە دروشمی "بۆ پێکهاتەی ئێزیدی دادپەروەری و ئازادی" ئەنجامدا، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە شەنگال و کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە ڕاستەوخۆ و ئۆنلاین بەشدارییان کرد، هەروەها پێکهاتەی عەرەبی شەنگال و عێراقی گشتی و باشووری کوردستانیش بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون، بەتایبەتی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و ئەکادیمیەکانی عێراقیش بەشدارییان کردو تەوەرەکانی وەک، "ئەو فەرمانە چۆن دروست بووە، کێ هۆکار بووە، ئامانجی فەرمانەکە چی بووە و کێ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان کردووە" گفتوگۆیان لەسەر کرا.
گرنگترین بابەت کە لە یادی ١٠ ساڵەی فەرمانەکەدا باسکرا، داواکاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، دادگاییکردنی بەرپرسانی فەرمانەکە داعش، پەدەکە، هێزە عێراقییەکان لە شەنگال،هەروەها ناساندنی جینۆساید، قبوڵکردنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و هێزەکانی پاراستنی یەبەشە-یەژەشە و ئاسایشی ئیزیدخان بوو.
ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە لەلایەن ئارگەش شەنگالی، ئەندامی دەستەی ئامادەکار، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا خوێندرایەوە و پێکهاتبوو لەم خاڵانەی خوارەوە:
-پێویستە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای نێودەوڵەتی لاهای، چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان و خیانەتکارانی ماڵباتی بارزانی دادگایی بکرێن و سزا بدرێن بۆ ئەوەی ماف و دادپەروەریی بەدی بێت.
-دەبێت سەرەتا حکومەتی عێراق و دواتر دەوڵەتانی نێودەوڵەتی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان کازمی و بارزانی هەڵبوەشێننەوە، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال کۆتایی پێ بهێنن.
-ئەوەی کە ئێزدییەکانی لە قڕکردن و لەناوچوون پاراست، سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و بیرو فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بوو، لەسەر ئەو بناغەیە جڤاکی ئێزدیی خۆی پاراست و سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی دامەزراند، لێرەوە سیستمی خۆبەڕیوەبەریی و نەتەوەی دیموکرات پێشنیار دەکەین بۆ هەموو گەلانی عێراق وەک پڕۆژە چارەسەری.
-ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان ئازادیی ئێمەیە، چۆن تائێستا لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان خەبات و تێکۆشانمان کردووە، لەمەودواش بەشێوەیەکی بەهێزتر و فراوانتر تێکۆشان و خەبات دەکەین تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان مسۆگەر دەکەین.
-دەبێت هەم حکومەت و هەم گەلی عێراق باش ئەوە بزانێت، کە بۆ ڕزگاربوون لە قەیران و کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و مێژوویی و ئیدارییەکان، تاکەڕێی چارەسەری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، کە ئەمڕۆ لە شەنگال بەرجەستە کراوە.
-پێویستە هەموو پێکهاتەی ئێزدیی ئەو ڕاستییە درک پێ بکەن، کە لە دوای فەرمانەوە هەموو ماف و دەستکەوت و ئازادیی ئێزیدییەکان بە سایەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر خاکی شەنگال بەدەستهاتن، بۆیە پێویستە هەموو ئێزدییەکان بگەڕینەوە سەر زێد وماڵی خۆیان و خاوەندارێتی لە شەنگال بکەن، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو دۆستانی ئێزدیی و دیموکراسییخوازان و ئازادییخوازان دەکەین، کە تێکۆشان فراوانتر بکەن لەپێناو پەسەندکردنی سیستمی خۆبەڕیوەبەری شەنگال و پاراستنی پێکهاتەی ئێزیدیی.
-لەم کۆنفڕانسەوە سەرجەم شەهیدانی فەرمانی ٧٤ی ئێزیدییەکان بەبیردەهێنینەوە و بەڵین دەدەین لەپێناو خۆپاراستن و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی سەر ئێزیدییەکان و خۆبەڕێوەبردن تێکۆشان فراوانتر بکەین.
کۆنفڕانسەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.