عەفرین، ٢٥ هەزار دار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە سوتێندرا

ئاگرێکی فراوان لە دارستانەکانی چەند گوندێکی سنووری کانتۆنی عەفرین کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ٢٥ هەزار داری بەرهەمدار سووتاون، دانیشتووانی گوندەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە ئاگرەکە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەت تورکەوە کراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، لە ئێوارەی ٢٣ی تەمووزەوە ئاگرێکی فراوان لە دارستانەکانی گوندەکانی عەدامۆ، ئەلبیسکە و بلیلکۆ لە سنووری عەفرین کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ٢٥ هەزار داری بەرهەمدار لە جۆرى زەیتون، گوێز، گێلاس، هەنار و سنەوبەرن سووتاون.

 

بە پێی زانیارییەکانی هاوڵاتیانی دانیشتووی گوندەکە، ئاگرەکە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کراوەتەوە و زیانێکی زۆری لە پاش خۆی بەجێهێشتووە، لە دوای ئەوەی دانیشتووانی گوندەکە پەیوەندیان بە بەرگری شارستانی ناوچەکەوە کردووە، ئامادە نەبوون هاوکاری دانیشتووانى ناوچەکە بکەن.

 

بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی عەفرین بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، هەموو جۆرە تاوانێکیان بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین ئەنجامداوە، هەر لە داگیرکردنی شارەکە و ڕفاندنی هاوڵاتیان تا دەگاتە سووتاندنی کۆی گشتی ٣٩١ هەزار نەمام.