سنووری برادۆست لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومان کرا

دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان هێرش و داگیرکاری ئەنجام دەدات، دوێنێش گوندەکانی بناری چیای برادۆستی بۆردوومان کرد و بە هۆیەوە ئاگر کەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا هێرش و لەشکرکێشییەکانی بە درێژایی سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان ئەنجام دەدات، ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، تا دەگاتەوە بە ئامێدی و لە لای ڕۆژهەڵاتیشەوە بە برادۆستدا تا دەگاتەوە قەندیل بۆردوومان دەکات.

 

بەپێی زانیارییە هەرێمییەکان ئێوارەى دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی سنین، پانەکەشک، تارستا و گەلی ڕەش لە سنووری برادۆست کردووە و زیانە گیانی و مادییەکانى سنوورەکە نەزاندراوە، بەهۆی بەردەوامی بۆردوومان و سوڕانەوەى فڕۆکە بەسەر ئاسمانى ناوچەکەدا، مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە دروستبووە.

 

هەر بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگرێکی گەورە لە پووش و پاوان و دارستانى ناوچەکە کەوتووەتەوە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت لەو ناوچانە نزیک ببێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی، بەهۆی ئەوەى دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەیانکاتە ئامانج.