گروپێک کە ژنانیان هەراسان دەکرد دەستگیرکران

ئاسایشی هەولێر، ئەو گروپەیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە هۆکاری خۆکوشتنی چەندین ژن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گروپەیان دەستگیر کردووە، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تایبەتیان لە چەندین ژن کردووە و تۆمەتبارن بە خۆکوشتنی چەندین ژن.

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە، سەردەستەی گروپە مەترسیدارەکەی گۆڤەند CTSـیان لە دەرەوەی وڵات هێناوەتەوە بۆ ناو کوردستان و لەگەڵ باندەکەی دەستگیریان کردووە، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکاریکردنی پۆلیسی ئینتەرپولەوە بووە.

 

'گۆڤەند' ناوی خوازراوە، ناوە راستییەکەی (ئ. ف. ت)ـە و ساڵی ١٩٩٣ لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە و لە وڵاتی تورکیا ژیاوە، سەرۆکی گروپەکە و پێنج کەسی دیکەی ئەندامی گروپی CTS دەستگیرکراون، بەشێکیان لەناو هەولێر بوون و بەشیکی دیکەشیان لە دەرەوەی وڵات دەستگیراون.

 

گروپەکە تا ئێستا تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی ١٥٠ تاوانی ئەلیکترۆنی، خودی تۆمەتباران دانیان بەوەداناوە لە کاتی هەڕەشەکردن لە ژنان چەندین ژن خۆیان کوشتووە.

 

گۆڤەند و ئەندامانی گروپەکەی لە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵی رابردوودا لە ڕێگەی چەند گروپێکی تێلیگرامەوە نزیکەی ٥٠٠ ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوی کچان و کوڕانی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردبووەوە، جگە لە هەڕەشەکردن و پارە وەرگرتن لە سەدان کچی دیکە لە ترسی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانیان.