دەستپێشخەری ژنانی باشوور: بە ئاشکرا و بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و نامووسەوە ژن دەکوژرێت

دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان، هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی “ئاڤان جەزا” دەکەن و ڕایانگەیاند، جاران پەرەمێزیان تاوانبار دەکرد، کە گوایە دەتەقنەوە و ژنان دەسوتێن، بەڵام ئێستا لەژێر بیانووی دەروونیی و جادو.. هتد، ژنان بە ئاسانی دەکرێنە قوربانیی

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان، هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی “ئاڤان جەزا” دەکەن و ڕایدەگەیەنن، ڕۆژانە ژنان دەبنە قوربانی ئەقڵییەتی نامووسگەرا، لە کاتێکدا نامووسی هەرە گەورە خاکە کە بێ بەرگرییە، دەشڵێن، ژنان ژیان گەشدەکەن مەیان سوتێنن.

 

لە پەیامێکدا بە ناونیشانی ” ژنان ژیان گەشدەکەن مەیان سوتێنن”، دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان هاوخەمیی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی “ئاڤان جەزا” دەکەن و ڕایدەگەیەنن، “ئاڤان جەزا جەوهەر”، کە ژنێکی قوربانییە هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەکەی دەردەبڕین و هیوادارین کۆتا خەم و کۆستیان بێت.

 

لە پەیامەکەی دەستپێشخەری ژنانی باشووردا هاتووە، جاران پەرەمێزیان تاوانبار دەکرد، کە گوایە دەتەقنەوە و ژنان دەسوتێن، بەڵام ئێستا لەژێر بیانووی دەروونیی و جادو.. هتد، ژنان بە ئاسانی دەکرێنە قوربانیی، زۆربەشیان نایشارنەوە و بەئاشکرا دەڵێن کێشەی کۆمەڵایەتی و لەژێرناو و بیانووی نامووس و پاکردنەوەی گەردنیان و سەربەرزییان، ژنان دەکوژن.

 

دەستپێشخەری ژنانی باشوور هۆکاری سەرەکی دەستنیشان کردووە و بەوەی، هۆکاری سەرەکی ناهۆشیاری و ئەقڵی زاڵی پیاوێتییە بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا کە ژنان وەکو نامووس، موڵک، کاڵا و کات بەسەربردن لەگەڵیان دەبینن، کە چۆن و چی لێدەکەن بەمافی خۆیانی دەزانن و پاشانیش تاوانی ئەخلاق، نەخۆشی دەروونیی و کۆمەڵێ درۆ دەخەنەپاڵ ژنان بۆ ڕەوایی دان بە تاوانەکەیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، سزانەدانی تاوان باران هۆکارێکی تری زۆربوونی ئەو تاوانانەیە بەرامبەر بە ژنان، هەموو تاوانێک کە ئەنجام دەدرێت سزای هەیە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوەی سزا نادرێت تاوانکارانی کوشتنی ژنانن، پێویستە یاساکان لە بەرژەوەندی ژنان بێت بۆئەوەی کەس نەتوانێت تاوانی کوشتن و سووتان ئەنجام بدات بەرامبەر ژنان.

لە پەیامەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی، ڕۆژانە ژنان دەبنە قوربانیی ئەو ئەقڵە نامووسگەرایە، لەکاتێکدا نامووسی هەرە گەورە خاکە کە بێ بەرگرییە.

هەرچی دەربارەی ڕووداوی گیانلەدەستدانی ئاڤان جەزایە ئەوە هاتووە، کە ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ، بەهەر هۆکار و لەژێر هەر ناوێکدا بێت  ژنێک و دوو مناڵەکەی گیانیان سپارد، زوو بە شوودانی کچان بۆخۆی تاوانە پێویستە یاسا ڕێگەنەدات بەوکارە و  مامۆستایانی ئاینی ڕێگە بەخۆیان نەدەن ئەوکارە بکەن و سزاش بدرێن، چونکە هێشتا تەمەنی یاساییان تەواو نەکردووە و لەڕووی ژیریی و هزریی و جەستەییشەوە ئامادە نین بۆ ئەو پرۆسەیە.

دەستپێشخەری ژنانی باشوور دەشڵێن: خاک و ژن دوو ڕەگەزن هاوشێوەن باشووری کوردستان چۆن بووەتە جێگای تەراتێنی داگیرکاران و تیرۆرستان ئاواش بووەتە کوشتارگەیەک بۆ ژنان، لەبەرئەوە هەردووکیان پێویستیان بە تێکۆشانێکی ڕیشەییە تا لەو دۆخە ڕزگار بکرێن، ئەو ئەرکەش دەکەوێتە سەرشانی حکومەت، یاسا، ڕێکخراوەکانی ژنان، نووسەران، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بۆ ڕۆشنکردنەوەی هزری تا کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان، کە دەبێت لەناو خێزان و خوێندنگەوە دەست پێ بکات تا هەموو داموو دەزگاکان.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەنەوە، وەکو دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان هەموو کوشتن و سوتاندنەکانی ژنان شەرمەزار دەکەن، بە پێویستی دەزانن سزای تاوانباران بدرێت، هاوکات تاک و کۆمەڵگەش هۆشیار بکرێنەوە لە بەهاو گرنگی ژنان، داواش دەکەن کەیسەکانی کوشتن و سووتانی ژنان بەلاڕێدا نەبرێن و “بەسوڵحی عەشایریی” ڕێک کەوتن نەکرێت.