نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ بە پڕۆژەکانی پشتگیری ژنان دەکات

عەفیفە سلێمان، بەڕێوەبەری نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە پڕۆژەکانی نووسینگەی ژنان و یەکەم قاوەخانەی ژنان لە قامیشلۆ کرد و وتی: ئامانجیان دروستکردنی هەلی کارە بۆ ژنان.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- لەگەڵ شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە زۆر بواردا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێنا، ژنان پێشەنگایەتی پاراستنی بەهاکانی شۆڕش دەکەن لە سەربازی و سیاسی و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیاندا، هەروەها دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا لە شارەوانییەکەدا شوێنی خۆیان گرتەوە.

 

عەفیفە سلێمان، یەکێکە لەو ژنانەی کە بەشداری لە بەڕێوەبردنی نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ کردووە، باسی لە چەند پڕۆژەیەک لە نوسینگەی ژنانی شارەوانی قامیشلۆ و یەکەم قاوەخانەی ژنان بەناوی "کافێ نێرگز" کرد.

 

"هەوڵ دەدەین هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنین"

عەفیفە سلێمان وتی: وەک نوسینگەیەکی ژنان، پرۆژەی زۆرمان هەیە، ئەم پرۆژانە دروست دەکەین بۆ دروستکردنی هەلی کار بۆ ژنان، دوو دایەنگە بۆ منداڵان کراوەتەوە، هەندێک ژن کار دەکەن و منداڵیان هەیە کە ناتوانن بە تەنها بەجێیان بهێڵن، منداڵەکانیان دەبەن بۆ دایەنگە، کە یارمەتییەکی زۆر گرنگە بۆ ژنان، ئەو منداڵانەی کە دێن بۆ دایەنگە فێری خوێندنەوە و نووسین و پەرەپێدانی زانستی خۆیان دەبن، لە لایەکی ترەوە شوێنێکمان کردۆتەوە بۆ ژنان بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی ئابوورییان. لەو شوێنەدا چوار ژن کار دەکەن و پشتگیری یەکتر دەکەن، هەروەها ناوەندێکی وەرزشی هەیە کە ژنان تێیدا کار دەکەن و وەرزش دەکەن. ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم پڕۆژانەدا ئەوەیە کە دەرفەتی کار بۆ ژنان بڕەخسێنین.

 

"چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ داهاتوو هەیە"

عەفیفە سلێمان تیشکی خستەسەر کردنەوەی قاوەخانەیەک بە ناوی نێگرگزو ڕایگەیاند، لە داهاتوودا چەندین پڕۆژە دەکرێنەوە قاوەخانەیەک بە ناوی "کافێ نێرگز" کراوەتەوە، ئامانجمان لە کردنەوە ئەوەیە کە هەموو ژنێک بێت بۆ کار و پشوو بدات، بەڵام ئێستا هاوڕێ پیاوەکان لەوێ کار دەکەن وەک بەرپرسی ئابووری و ژنان وەک بۆفێ کار دەکەن. هەروەها چا و قاوە و چەندین خواردن و خواردنەوەی دیکە هەیە. لە داهاتوودا چەندین پڕۆژەی دیکە هەن کە ئێمە بونیادیان دەنێین و ئامادە دەبن بۆ هەموو ژنان.

 

"دەمانەوێت قاڵبەکان بشکێنین"

عەفیفە سلێمان داوای لە هەموو ژنان کرد  کاربکەن و بڕیار بدەن و بیری نێرینە بشکێنن و وتی: هیوای من بۆ هەموو ژنێک ئەوەیە کە ڕۆحی خۆی باشتر بکات، هەوڵ بدات کار بکات، ئەم پڕۆژەیە دەرفەتی کاری زۆریان بۆ دروست دەکات و هەمیشە یارمەتی ژنان دەدەین وەک نوسینگەیەکی ژنان بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن.، پێویستیان به کەس نەبێت، لەبەر ئەوەی هەندێک لە ژنان کاریگەری ماڵ و بیری پیاویان لەسەرە ناتوانن بڕۆن، دەمانەوێت ئەم قاڵبانە بشکێنین، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژی شۆڕشی ژنانە، ژنان پێشەنگایەتی ڕێگاکە دەکەن و بانگەوازی من بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە کار بکەن و ببنە خاوەن بڕیارو ماف.