لە ئەستەنبوڵ بە بەشداری دەیان هەزار کەس نەورۆز پیرۆز کرا

بە بەشداری هەزاران کەس نەورۆز لە ناوچەی یەنیکاپی ئەستەنبوڵ پیرۆز کرا و هاوڵاتیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی و ئاڵای سەوز، سوور و زەردەوە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.

 ناوەندی هەواڵ

 

ئاهەنگی نەورۆز، کە لەلایەن کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان-هەدەکە، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد-تەژەئا و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی رێکخراوە، بە بەشداری هەزاران کەس لە ناوچەی یەنیکاپی ئەستەنبوڵ دەستی پێکرد.

 

سەکۆی نەورۆز بە دروشمی "ڕابن، کات کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" رازێنراوەتەوە و هاوڵاتیان لە دوو دەرگاوە دەچنە گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆز، هاوڵاتیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی و ئاڵای سەوز، سوور و زەردەوە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد و ئەو گەنجانەی لە سەر تیشێرتەکانیان نوسرابوو "کوردستان" لەلایەن پۆلیسەکانەوە ڕاگیران، بەڵام بە هەوڵەکانی کۆمیتەی ئامادەکار ڕێگە بە گەنجان درا بچنە ناو گۆڕەپانەکەوە.

 

لە گۆڕەپانەکەدا بە وتنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" گەل داوای ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەکات و هەروەها دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە و بە گۆرانی و هەڵپەرکێ نەورۆز پیرۆز دەکەن.