داوای پشتیوانی خۆپیشاندانی ژنان لە ئەفغانستان دەکرێت

کۆمەڵێک ژنی خۆپیشاندەر کە بە "بزووتنەوەی بیری ژنانی ئەفغانی" ناسراون ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان لە پارێزگای تاخار ڕێکخست و داوایان لە هەمووان کرد پشتیوانی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، ژنانی سنووردار کرد و لە ئازادییە بنەڕەتییەکان بێبەشی کردن، لە بەرامبەر سەرکوتکردنیان ژنان چوونەشەقامەکان و خۆپیشاندانیان دژی تاڵیبان ئەنجامدا، بەڵام ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە و ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکران و زیندانیکران، سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانە، ژنان بە شێوەی جیاواز خۆپیشاندان دژی تاڵیبان دەکەن.

 

لە کاتێکدا تاڵیبان لە ئەفغانستان بەردەوامە لە هەراسانکردنی ژنان، کۆمەڵێک لە ژنانی خۆپیشاندەر ناسراو بە بزووتنەوەی بیری ژنانی ئەفغانی لە شوێنێکی داخراودا ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و خۆپیشاندانیان دژی یاساکانی تاڵیبان کرد.

 

بزووتنەوەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا" کە تیایدا داوای ئازادکردنی مەنیجە سدیقی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەکات و وتی: نا بۆ جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفغانستان.

 

هەروەها داوای بەشداریکردنی تەواو و مافی یەکسانی کرد لە هەموو بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری و مەدەنییەکاندا و ڕایگەیاند، هەموو ئاسانکارییەکان بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکان.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان، پێویستە هەموو ژنان و پیاوان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بن و پشتیوانییان لێ بکەن.