ژمارەی گیان لەدەستداوانی دەریای ئیجە لە زیادبووندایە

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی لاستیکییەوە لە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٢ کەس بەرزبووەوە، کە ٧یان منداڵن، پاسەوانی کەناراوەکانیش بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە هەزاران کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە ڕێگەی دەریاوە لە گەشتێکی مەترسیداردا گیانیان لەدەست دەدەن، هاوکات بە سەدان کەسیش بێسەروشوێن بوون، دەسەڵاتدارانی باوچەت چاناکالا لە تورکیا کە دەکەوێتە سەر دەریای ئیجە، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەی لاستیکییەوە لە کەناراوەکانیدا بۆ ٢٢ کەس بەرزبووەوە، کە ٧ منداڵیان تیادایە.

 

دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو بەلەمەی کە لە کەناراوەکانی ئیجە بە دووری ٥٠ کیلۆمەتر لە دوورگەی لێمنۆسەوە وەرگەڕاوە، کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە، بەڵام تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، ڕەگەزنامەی سەرنشینەکانی دیاری نەکراوە، هەروەها ڕوون نەبووەتەوە کە بۆچی بەلەمەکە نوقم بووە.

 

بەرپرسان پشتڕاستیان کردەوە کە پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا دوو کەسیان ڕزگار کردووە، هاوکات دوو کۆچبەری دیکە توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە دوو هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ١٨ بەلەم و ٥٠٢ کەس بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردندا کردووە.

 

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە سێ هەزار کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە، کە بە بەرزترین ژمارەی مردووان دادەنرێت لە ساڵی ٢٠١٧ەوە.

 

ماوەی چەند ساڵێکە سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ بولگاریا و یۆنان و کەناراوەکانی تورکیا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەن، کە ڕێگای وشکانی یان دەریایی دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها دەریای ئیجە بە خاڵێکی گەورەی پەڕینەوە دادەنرێت بۆ کۆچبەرانی ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەکاتێکدا کە هێزە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ ڕێگری لە هەوڵی دزەکردن لەودیوی سنوورەکانیان.