بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بەبیابانبوونی عێراق ٥ ملیۆن دار خورما و نەمام دەچێندرێت
بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بەبیابانبوونی عێراق دەستپێشخەری بۆ چاندنی پێنج ملیۆن دارخورما و نەمام دەستیپێکردووەو لە قۆناغی یەکەمدا ١٧٤ هەزار نەمام چێندراون.
ناوەندی هەواڵ
بەبیابانبوونی عێراق بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە مەترسییەکە کە چاوەڕێ دەکرێت بۆ داهاتووی عێراق، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەبەری گشتی بازنەی زەوییە کشتوکاڵیەکان لە وەزارەتی کشوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی گلدانەوەی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورک و کەمی بارانبارینەوە، عێراق تووشی کەمی ئاو بووەتەوە و زیاتر لە نیوەی زەوییە کشتوکاڵیەکانی لە دەستداوە، کە کۆی گشتیی ئەو زەوییانەی لە عێراق دەگونجێت بۆ کشتوكاڵکردن ٥١ ملیۆن دۆنمەو و لەوەش ٢٧ ملیۆن دۆنمی بەهۆی بێ ئاوییەوە وشکی کردووە..
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕاگەیاندووە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکان و دەستپیشخەرییەکان هەڵمەتی چاندنی ٥ ملیۆن دار خورما و نەمام دەستی پێکردووە و لە ئێستادا ١٧٤هەزار نەمام لە سەرتاسەری عێراق چێندراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پرسی دەستەبەرکردنی ئاو بۆ چاندنی ٥ ملیۆن دارخورما و نەمام، جا لە ئاوی ژێر زەوی بێت یان ئاوی سەر زەوی.