ڕێپاک ئێوارە دانیشتنێکی بۆ ژنان ڕێکخست

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ڕێپاک ئێوارە دانیشتنێکی بۆ ژنانی چالاکوان، نووسەر، ئەکادیمیست و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی ڕێکخست.

سلێمانی

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، لە ڕیستۆرانتی سیزەر لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد-ڕێپاک، ئێوارە دانیشتنێکی بۆ ژنانی چالاکوان، نووسەر، ئەکادیمیست و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی ڕێکخست و سینەفزیۆنێک لەسەر تێکۆشانی ژنانی جیهان و کوردستان پێشکەشکرا.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، شیلان شاکر، ئەندامی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد، وتاری دەستپێکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنان کرد، وتیشی: ٨ی ئادار یەکێکە لە ڕۆژەکانی تێکۆشانی ژنان، بەڵام هەوڵدانی زیاتری ژنان پێویستە تا تێکۆشانی ژنان بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری زیاد بکەین و سەدەی ٢١ بکەینە سەدەی ژن، لە ئێستادا وێڕای گیان بەختکردنی ژنان لە پێناو ئازادیدا، دەبێت بەڵێنی خۆمان دووپات بکەینەوە کە بەردەوامی بە تێکۆشان بدەین و ئاستەکەی بەرز بدەینەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری بەردەوام لە هەوڵی بەکاڵاکردنی ژناندایە، تا خۆی بەسەر ژناندا زاڵ بکات، بۆیە ئێمە وەک ژنان پێویستە لە بەرامبەر ئەو سیستمە شەڕ بکەین، وتیشی: ئێمە پێویستە لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان سیستمی ژنانەی خۆمان بنیاد بنێین و لەبەرامبەر سیستمێکی جیهانی تێکۆشان بدەین و ئەو ئەقڵیەتەی هەیە تێی بپەڕێنین و بە ئەقڵی ژن و بە وەلانانی ناکۆکییەکانی نێوانمان لە خەبات و تێکۆشاندا بین.

 

لە درێژەی چالاکییەکەدا پانێڵێک پێشکەشکرا بە بەشداری پەیمان عیزەدین، پارێزەر و ڕووخۆش غەریب، دکتۆرا لە بواری دەرونزانی.

 

"ئەگەر وەک ئێستا بەردەوام بێت دۆخەکە بۆ ژنان قورستر دەبێت"

لە پانێڵەکەدا پەیمان عیزەدین، پارێزەر، بابەتێکی لە بارەی تێکۆشانی یەک ساڵی ژنان لە باشووری کوردستان و عێراق پێشکەشکرد و ڕوویەکی کۆمەڵایەتی دۆخی کۆمەڵگەی خستەڕوو، کە بە پێی ئامارەکان جیابوونەوەی هاوژینان لە ئاستی بەرزدایە و فرەژنیش زیادی کردووە، هەروەها وتی: ئامارەکانی توندوتیژی ناڕوون و جیاوازی لەو ئامارانەدا هەیە کە بڵاو دەکرێنەوە، بەو ناڕوونیەشەوە هێشتا لە زیادبووندایە، بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژیش ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ شاردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ٦ مانگی سەرەتای ٢٠٢٢ ناڕاستە و جیاوازی لە نێوان شارەکان و ئاماری گشتیدا هەیە، کە ٢٦ کەس کوژراوە لە ماوەی ٦ مانگەکەدا.

 

پەیمان عیزەدین باسی لەوەکرد، پێویستە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆمەڵگە بکرێت، تا دەربکەوێت کە ئایا دۆخەکە بەرەو پێش دەچێت یاخود بەرەو پاش دەچێت، وتیشی: لە دوای ڕاپەڕینەوە ژنان کارێکی باشیان کرد بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگە و کولتوور، ئەوەی لەو سەردەمەدا دەکرا قسەکردن بوو لەسەر ئاین، کۆمەڵگە، کولتوور و هەموو بوارەکانی ژنان، کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنرا، ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە سەیریش بکەین، لە ئێستادا هەڕەمی پێشکەوتنی یاسا بەرەو خوار دەچێت، کە ئەمە مەترسی بۆ دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەکات و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام ببێت ئەوا دۆخەکە بۆ ژنان قورستر دەبێت.

 

"ژنان ڕۆڵی لاوازیان لە بواری سیاسی و ئابووریدا هەیە"

ڕووخۆش غەریب، دکتۆرا لە بواری دەروونزانی پیشەیی، بابەتێکی لەبارەی پێگەی ژن لە بواری ژیاندا باس کرد و وتی: بازاڕ و سیاسەت دوو پێگەی گرنگن کە پێویستە ژنان ڕۆڵی خۆیانی تیادا بگرێن، ئەوەی ئێستا زۆر دیارە کە کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ژنان کردووە لە وڵاتانی ئەوروپیشدا، ئابووری و سیاسەتە، یەکێتی ئەوروپا باس لەوە دەکات کە هێشتا جیاکاری لە نێوان ژن و پیاودا لە بواری ئابووریدا هەیە، هێشتا ژنان لە پۆستە باڵاکاندا دەرفەتیان نییە جێگە بگرن، هەتا ئێستاش لە ئەوروپادا ٪٨ ژنان توانیویانە ببنە سەرکردە یان بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکان، ئەمە بۆ ئەوروپییەکانیش مایەی دوو دڵییە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئێستا ژنان زۆر کەم لە بوارە جیاوازەکاندا کاریان کردووە، وەک کار کردن لە بواری جیاوازی نێوان مووچەی ژن و پیاو و بەشداری ژنان لە سیاسەت و ئابووریدا، بۆ ئەوەش گرنگە ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاکوان زیاتر کار لە بواری بەرەوپێش بردنی ژنان بکەن، تا ئەم دۆخەی وەلانانی ژنان لە بوارەکانی ژیاندا تێبپەڕێنن.

 

لە درێژەی ئێوارە دانیشتنەکەدا هونەرمەند فرمێسک حافز چەند گۆرانییەکی پێشکەشکرد و نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، لەسەر ناوی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و خەباتی ژنان خەڵاتی بەخشییە ڕێپاک.