"٨ی ئادار خاڵێکی سەرەکییە لە داواکاری ژنان بۆ مافی یەکسانی"

چیمەن جوانڕودی، چالاکوانی فێمێنیستی جەختی لەوە کردەوە کە لەژێر دەسەڵاتی پیاوسالاری و لە ناوەڕاستی جەنگدا، ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەبنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەهێز بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسان.

بوشرا کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ- لە ٨ی ئاداری هەموو ساڵێکدا، جیهان بە چوونە مەیدانەکان ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان  بۆدەستکەوت و بەرخۆدانیان و خەباتی بەردەوامیان بۆ ئازادی و یەکسانی.

 

چیمەن جوانڕودی، چالاکوانی فێمێنیستی وتی: ناتوانین بڵێین کە ساڵی ١٩١٣یەکەم تەڤگەری فێمێنیستی بوو، بەڵام ژنانێک هەبوون کە گرنگییان بە کێشەکانی ژنان داوە و بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە چەوسانەوەی ڕەگەزی تێکۆشاون، جا لە ڕێگەی بەشداریکردن لە جەنگ یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بێت، پێگەیەکی گرنگیان هەبووەو ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە.

 

ئاماژەی بەوەدا، خەباتی ژنان لە ٨ی ئاداردا زۆرێک لە ژنانی بانگکرد بۆ مەیدانەکە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خەبات، ئەوان لە داواکارییە ڕووکەشییەکاندا بوون، بەڵام کاتێک کات تێپەڕی و خەبات بەردەوام بوو، داواکارییەکان زیاتر گشتگیر بوون.

 

"ژنانی کورد توانایەکی زیاتریان هەیە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان"

لەبارەی چالاکییەکانی ژنانی کورد و ژنانی دیکەی جیهانەوە، چیمەن جوانڕودی ڕوونیکردەوە، ژنانی کورد دابو  نەریت، شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی، جلوبەرگ، بەشداریکردن لە بەرگریکردن لە نیشتمان و زیندووکردنەوەی مێژوو، لە سیستمی دژە ژنان و پیاوسالاری و سەرمایەداری پارێزراو نەبوون، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ژنانی کورد لە کۆمەڵگەدا لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا و بەگوێرەی تەڤگەرە جیهانییەکانی ژنان و بوونی حزبەکان لە کوردستان، ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانایەکی زیاتریان هەیە بۆ گۆڕینی شێوازی ژنان، هەرچەندە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە و دەستپێکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە بە دروشمی "ژن. ژیان، ئازادی" ڕوون و ئاشکرایە کە ژنانی کورد ئامادەی گۆڕانکارین.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان و ئەو چالاکییانەی کە لە ٨ی ئاداردا ئەنجام دەدرێن، وتی: لەژێر سیستمی پیاوسالاری و لە ناوەڕاستی جەنگدا، ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە پێویستە خۆیان بەهێز بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسان، چالاکوانان دەتوانن لەگەڵ ئەو ژنانەدا بن کە لە دۆخێکی سەختدان و پێویستیان بە یارمەتی کەسانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ڕابوەستن.

 

" ژنان دەتوانن لە دژی پیاوسالاری بوەستن و بناغەکانی شۆڕشەکەیان بەهێز بکەن"

چیمەن جوانڕودی سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنان لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری "پرۆسەی بڕیاردان"، جەختی لەوەکردەوە ژنان دەتوانن چالاکییەکانی خۆیان فراوانتر بکەن بە بەشداریکردن لە ڕێکخراوەکان و هەڵبژاردنەکان و ئەنجومەنەکان و لیژنەکانی شارەکان کە مافی یەکسانیان هەیە لەگەڵ پیاواندا، پەرەپێدانی بەرنامە پەروەردەییەکان سەبارەت بە هۆشیاری دەربارەی ئەو نەخۆشییانەی کە ژنان بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەروەردەیی تەندروستی دەروونی ژنان لەگەڵ پەرەپێدان و باشترکردنی تواناکانیان، جگە لە ئەنجامدانی وۆرکشۆپی خۆڕایی، برەودان و فێرکردنی کارامەییەکانی ژیان، چارەسەرکردنی کێشە، پەرەپێدانی کولتووری، ئاستی بەرزی پەروەردە و پەرەپێدان لە بوارە ئابوورییەکاندا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی ژنان، پەرەپێدانی بازاڕی کارێکی سەلامەت، برەودان بە هۆشیاری زایەندی و ڕەگەزی و برەودان بە یەکسانی لە کۆمەڵگای گشتیدا، لەگەڵ بەشداریکردنی بەرفراوان لە چالاکییە هونەری و وەرزشییەکان و پەیوەندیکردن و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە و بۆنەکان و بەشداریکردن لە کۆمەڵەکان و ڕێکخراوەکان و چالاکییە خۆبەخشییەکان، ژنان دەتوانن لە دژی پیاوسالاری بوەستن و بناغەکانی شۆڕشەکەیان بەهێز بکەن.

 

لە کۆتاییدا، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ژنان بەشداری لە پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکاندا بکەن بۆ ئەوەی ستراتیژی بازرگانی و ئایدۆلۆژی و بیرۆکە و ئامانجەکانی خۆیان بونیاد بنێن.