"ئێمەی ژنانی کرماشان هاودەنگی لەگەڵ هەموو ژنانی تێکۆشەری جیهان ڕادەگەیەنین"

هـ.گ. چالاکی سیاسی و مەدەنی لە بارەی تێکۆشانی ٨ی ئادار وتی: ژنانی کرماشان هاودەنگی هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانەی جیهانن کە بەرەنگاری هەڵاواردن و بەکارهێنان دەبنەوە و خەباتیان بۆ ڕزگاری ژنان کردووە.

گلارە گەیلانی

 

کرماشان- ئەمساڵ لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چالاکی جۆراوجۆر و یەکگرتوویی و تاکەکەسی پێشوازی لەو ڕۆژە دەکەن، ژنانی کرماشانیش کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا بەرخۆدانیان دژی هەڵاواردن و ستەم هەڵبژارد، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم و سیستەمی ژنکوژیی ئێستا و بۆ ٨ی ئاداریش ئامادەکاری دەکەن.

 

هـ.گ. چالاکوانێکی سیاسیی مەدەنییە و لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ نوژنها ڕایگەیاند، کە هاوسۆزی خۆیان بۆ هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانە ڕادەگەیەنن، کە لە شەقامەکان، زیندانەکان، ماڵەکانیان و لە بەرەکانی شەڕ و کارگە یان زانکۆکاندا بەرەنگاری جیاکاری و بەکارهێنان دەبنەوە و خەبات دەکەن بۆ ڕزگاری ژنان.

 

هـ.گ. ئاماژەی بە ڕۆڵی ٨ی ئادار لە هۆشیاری ژناندا کرد و وتی: ٨ی ئادار کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر گەشەکردن و فراوانبوونی هۆشیاری بەکۆمەڵی ژنان لە هەموو جیهاندا هەبووە، ساڵانێکە ئەم ڕۆژە بووەتە ڕەمزێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری ڕەگەزی لە دژی ژنان و بە کۆی دەنگ دژی داگیرکردنی جەستە و ڕۆح و تایبەتمەندی و موڵک و ماڵی خۆیان ڕاپەڕین و ڕایانگەیاند کە ئیدی چەوسانەوە بەسە، چیتر لە بەرامبەر توندوتیژی و هەڵاواردن و بەکارهێنان و بە کاڵاکردنی مێژوویی ژنان بێدەنگ نابن

 

لەم پەیامە ڤیدیۆییەدا باسی لە ژنە تێکۆشەرانی وەک زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی و سارا-ساکینە جانسز کرد و وتی: ئێمەی ژنانی کرماشانیش درێژە بە ڕێبازی ژنە تێکۆشەرەکان دەدەین، خەباتی ئێمە لە شەقامەکان لەگەڵ زەینەب جەلالیان کە لە زینداندایە، بەردەوامە، خەباتی ئێمە هەمان ئەو خەباتەیە کە هەڤاڵ زیلان و هەڤاڵ سارا و هاوەڵەکانیان گەیاندوویانەتە ئەم ئاستە، ئازاری ئێمە هەمان ئەو ئازارەیە کە مینو مەجیدی و نیکا شاکەرەمی بردە سەر شەقامەکان و بەم شێوەیە گیانیان بەخشی، بەم شێوەیە بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی ڕاستەقینە و بەرجەستە.

 

هـ.گ. وێنەیەکی خۆیشی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا دروشمێکی بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە بەرز کردووەتەوە و تیایدا بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی نووسراوە، "٨ی ئادار ڕۆژی زیندووبوونەوەی ڕووناکییە بەرامبەر تاریکی"، کە بەم شێوەیە هەوڵی داوە پەیامی خۆی بە ژنانی سەرهەڵدێری جیهان بگەیەنێت.