چالاکییەکان بۆ ٨ی ئادار لە موریتانیا بەردەوامە
لە درێژەی ئەو چالاکییانەی بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، لە موریتانیا ئەنجام دەدرێت، ژنان سیمپۆزیۆمێکیان لەسەر گرنگی هەبوونی ئابووری سەربەخۆ بۆ ژنان ئەنجامدا.
زوهرە مشرقی
موریتانیا- فێستیڤاڵی سەربەخۆیی ژنان، لە ١ی ئادار بۆ ٨ی ئادار لە شاری نواکشۆتی پایتەختی موریتانیا بەڕێوەدەچێت، فێستیڤاڵەکە لەلایەن ڕێکخراوی "ئاشتیتان بۆ بێت" ئەنجام دەدرێت، دوێنێ دووشەممە سیمپۆزیۆمێک ڕێکخرا، تیایدا بەشداربووان باسیان لە گرنگی کار و سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان کرد، هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد، ژنان دەتوانن ڕووبەڕووببنەوە و هەوڵی باشترکردنی دۆخی ژیانیان بەن، ژنان بەتەنها توانای تێپەڕاندنی بەربەستەکانیان هەیە.
ڕایانگەیاند، ٨ی ئادار یادکردنەوەی ئەو یادەوەرییە دڵتەزێنەیە کە ژنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی نادادپەروەری و پەراوێزخستن ئەزموونیان کردووە،بە تەنها ئاهەنگ گێڕان و دەربڕینی خۆشی نییە بەڵکو ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەیە، لە سیمپۆزیۆمەکەدا، ژنانی ئەفریقا و تێکۆشانەکانیان لە دژی شەڕ و ململانێی خێڵەکی و مەدەنی و خەبات لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری لەبیر نەکرد و باسیان لە ڕەوشی ژنان لەو لایەنانەوە کرد.
هوسا مادو، چالاکوانی مەدەنی، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان کاتێک ئازاد دەبن کە بگەن بە سەربەخۆیی، یەکێک لە ڕێگەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیش، بوونی ئابووری سەربەخۆیە بۆ ژنان، وتی: گرنگە ژنان لە ڕێگەی پڕۆژەی خۆیانەوە بەگەنە ئازادی، بتوانن لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببەنەوە، چونکە ژنی ئازادە کۆمەڵگەی ئازاد دروست دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان بەهێزترین چینن، توانای گۆڕینی کۆمەڵگە و ژیانیان هەیە، بەبێ گوێدانە ئاستەنگەکان، ئەگەر کەسێک سەرکەوتوو بێت لە بژێوی ژیانی خێزانەکەی، پەروەردەکردنی منداڵەکانی، و بەڕێوەبردنی ماڵەکەی، ئەوا بۆی قورس نابێت خۆی بەهێز بکات، بچێتە دەرەوە بۆ سەر کار، و بە تەنیا سەربەخۆ دەبێت، بەجۆرێک بە نەریتەکانی کۆمەڵگەوە وابەستە نەبێت دەڵێت: ژنانی مۆریتانیا توانای سەلماندنی خۆیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە هاوکاری و پاڵپشتی هەیە.
فاتیمە ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە بۆ ناساندنی بەرهەمەکەی بۆ ڕای گشتی، کە شیرینییە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستیپێکردووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بێکاری، و سەرکەوتوو بووە، توانیویەتی بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، وتیشی: ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووم بووەتەوە، ڕووبەڕووی هەموو ژنان بووەتەوە، داوا لە ژنانی گەنج دەکەم کە پڕۆژەیەک لە بوارێکدا دروست بکەن، بتوانن لە ڕێیەوە بگەنە ئابووری سەربەخۆی خۆیان.