ڕژاک: هەرێمی کوردستان لە مەترسی داگیرکردن و توانەوەی کولتوور و زمان دایە

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە ٣٣یەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ژێر مەترسی داگیرکردن و توانەوەی کولتوور و زمان دایە".

ناوەندی هەواڵ

 

٥ی ئاداری ١٩٩١ گەلی کورد لە باشووری کوردستان یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕینی دژ بە ڕژێمی بەعسی پێشوو بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، دەستپێکرد، لە ماوەیەکی کورتدا گەلی کورد توانی باشووری کوردستان لە ژێر دەستی ئەو ڕژێمە بکوژە ڕزگار بکات، دوا بەدوای ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان دامەزرا.

 

لە ٣٣یەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەل لە باشووری کوردستاندا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لە ئامانجی گەل کرد و دۆخی هەرێمی کوردستانی وەها پێناسە کرد، کە لە ئێستادا لە ژێر مەترسی داگیرکردن و توانەوەی کولتوور و زمان دایە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاک بۆ ساڵیادی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان؛

"هەموو گەل و نەتەوەیەک مافی خۆیەتی لەسەر خاکی خۆی بە ئازادی بژی

خاکی کوردستان کە داگیر و دابەشکراوە هەمیشە هەوڵ و تێکوشانیان کردووە بۆ ئازادی، لە باشووری کوردستاندا ٥ی ئاداری ١٩٩١ یەکەم چەخماخەی ڕاپەرین لە دەروازەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی خۆشەویست دەستی پێکرد، دڵ پڕ لە هیوا و خۆنەویستانە و دواتریش لە هەموو شار و شارۆچکەکانی تر بڵاو بووەوە.

 

هەمیشە هێڵی تێکۆشان هەوڵی خۆیی داوە، هەرچەندە هێڵێکی خیانەت هەمیشە کۆسپ و ڕێگری دروستکردووە بۆ گەشتنی کورد بە ئامانجی خۆی، بەڵام قوربانییەکی زۆریش دراوە لەو پێناوەدا، لەبەر کوردبوونمان ئەنفال و کیمیاباران کراوین، کۆمەڵکوژ و کوشت و بڕکراوین، زۆرترین ژن قوربانی ئەو دۆخەبوون، چی بە ئەنفال یان کیمیاباران و زیندانی و دەستدرێژی کردنە سەر ژنانی کورد و وەکو بارمتەش بەکارهێنراون.

 

خەڵکی باشوری کوردستان بە هیوایەکی زۆرەوە ڕاپەڕینیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەی بگەن بە مافەکانی خۆیان و بە ئارامی بژین، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەرکاتێکدا لە ژێر مەترسی داگیرکردن و توانەوەی کولتوور و زمان و لەدەستدانی بەهاکانی دایە.

 

بۆ ئەوەی ئەم هەرێمی کوردستانە پارێزراو بێت، پێویستە هۆشیار بین و خۆمان لە هەموو ئەو مەترسیانە بپارێزین و چی پێویستە لەو پێناوەدا ئەنجامی بدەین، بۆ هۆشیاری خەڵک و گەشتن بە مافەکانمان، بانگەوازی لە هەموو لایەنەکان دەکەین و بانگ لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین هەمیشە خاوەن هەڵوێست و چارەسەری بین ب ۆپێشخستنی زیاتری خەڵکی هەرێم و پاراستنی خاکی هەرێم لە هێرش و پەلامارەکان.

 

ڕاپەڕین لە مێژووی کوردستاندا شوێنێکی زۆر گرنگی هەیە، لەبەرئەوە بە هێزی ڕاپەڕین بانگەوازی دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە تێکۆشان سەربخەین، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و گەلی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوادارین، بەو هیوایەی هەمان بوو بۆ ڕاپەرین، لە تێکۆشان بەردەوام بین و سارد نەبینەوە لە تێکۆشانی زیاتر.

 

نەمری بۆ هەموو شەهیدان و شەهیدانی ڕاپەڕین، سەربەرزی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران".