ڕژاک دەستپێکردنی چالاکییەکانی بۆ ٨ی ئادار ڕاگەیاند

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادی و دایکانی لەچک سپی و کۆنگرەی ستار، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکردنی چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان ڕاگەیاند.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی و دایکانی لەچک سپی و کۆنگرەی ستار، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان دەستپێکردنی چالاکییەکانیان ڕاگەیاند و وتیان: لەپێناو بەرز ڕاگرتنی تێکۆشان و بەرەنگاری ژنان، بۆ ئازادی ژن، هەموو ساڵێک ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و ژنانی چالاکوان خزمەت بە تێکۆشانی ژنان دەکەن.

 

شەیما نەبیل، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕاگەیەندراوی هاوبەشی خوێندەوە و تیایدا هاتووە، "بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی ٨ی ئادار بەرەو شۆڕش هەنگاو دەنێین، ڕۆژی ژنان سومبولی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی دکتاتۆرییەت و ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالارییە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا باس لە تێکۆشانی ژنانی کورد و ئازادیخوازان کراوە، کە لە دژی ئەو شەڕەی بەرامبەر ڕەگەزی ژن دەکرێت، بە یەکڕیزی و یەکگرتووی تێکۆشانی هاوبەش پیلانگێڕییە قێزەونەکانی دژ بە ژنان تێکدەشکێنن.

 

هەروەها جەختکرایەوە، کە بۆ ئەمساڵ چالاکییەکانی ٨ی ئادار پێشکەش بە ڕۆحی پاکی ژنانی تێکۆشەری ڕێگای ئازادی "فڕیاڵ سلێمان" دەکەن کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری کەرکوک شەهید بوو.

 

ڕاگەیەندرا کە لە ١ی ئادار، لە شاری کەرکوک دەستپێکی چالاکییەکان ڕاگەیەنن و تا ١٠ی ئادار چالاکییەکانیان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت.