"بەهۆی کردەوە قێزەونەکانیانەوە پێویستە دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و تاوانباران دادگایی بکرێت"

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ژنان ناسراو بە "بزووتنەوەی شەممەی وەنەوشەیی" لە کاردانەوە بە قەدەغەکردنی خوێندنی کچانی سەروو ١٠ ساڵ، ڕایگەیاند، ئەم بڕیارەی تاڵیبان پاشەکشەیەکی بەرچاو نیشان دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بڕیاری تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی کچانی سەروو ١٠ ساڵان لە پارێزگای قەندەهار، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ژنان ناسراو بە "بزووتنەوەی شەممەی وەنەوشەیی" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بڕیارەکەی تاڵیبانیان وەک پێشێلکردنی مافی کچان ڕاگەیاند و داوایان کرد لێپرسینەوە لەم گروپە بکرێت.

 

ئەم کۆمەڵە ژنە ناڕازییە لە نامەکەیاندا نووسیویانە؛

"لە پێشهاتێکی نیگەران ئامێزدا لە پارێزگای قەندەهار، گروپی تاڵیبان هەڵوێستێکی توندی گرتووەتەبەر، بەوەی لە ساڵی خوێندنی داهاتوودا ڕێگە بە کچانی سەروو ١٠ ساڵ نادەن بچنە قوتابخانە، بڕیارەکە پاشەکشەیەکی بەرچاوە چونکە پێشتر کچانی کەم تەمەن ڕێگەیان پێدەدرا تا پۆلی شەشەم بخوێنن.

 

تاوانەکانی تاڵیبان ڕۆژانە لە زیادبووندایە و نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانی وروژاندووە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بە تایبەت ڕەتکردنەوەی مافی خوێندنی کچان و جێگەی داخە و دەبێت بەپەلە چارەسەر بکرێت".

 

ئەندامانی بزووتنەوەی شەممەی وەنەوشەیی ئەم کارەی گروپی تاڵیبان بە توندی سەرکۆنە دەکەن و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن کە لێپرسینەوە لە تاڵیبان بکەن لە بەرامبەر هەر تاوانێک کە ئەنجامی دەدەن، لەوانەش ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی مافی کچانی گەنج بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، دەشڵێن: "پێویستە دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و تاوانباران لەسەر کردەوە قێزەونەکانیان دادگایی بکرێت".

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە یەکەمی مانگی ئاداری ئەمساڵدا تاڵیبان بە بێ ئامادەبوونی خوێندکاری کچ دەستی بە درێژەدانی وەرزی پایز لە زانکۆکانی پارێزگاکانی سەردسیر کرد و ئەم کارەش ​​ کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات، کچە خوێندکارەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە جدی کار لەسەر پرسی ئەفغانستان و قەدەغەکردنی خوێندنی کچان بکەن، هەروەها فشاری پێویست بخەنە سەر گروپی تاڵیبان و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ سنووردارکردنی قەیرانی خوێندن لە ئەفغانستان .