نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٢٥ ملیۆن سودانی پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوى کردەوە، بەهۆی دروستبوونی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن هاوڵاتیی سودانی پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە، هەروەها ٨ ملیۆن کرێکار کارەکانیان لەدەستداوە یاخود چەند مانگێکە مووچەکانیان بڕدراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەى دۆخى خراپى هاوڵاتیانى سودان بەهۆى شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە کە لە نیسانی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامی هەیە، ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، زیاتر لە ١٠ ملیۆن سودانی بەهۆى ئەو شەڕەی، کە ماوەی ١٠ مانگە بەردەوامە، هەڵاتوون و نزیکەی ١٥ ملیۆنیش لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە گیریان خواردووە و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە و رووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە.

 

ئامانژە بەوەشکراوە، زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس لە سودان، واتە نزیکەی لە ٦٥٪ى دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی بەپەلە هەیە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٨ ملیۆن کرێکار، کە لە کەرتی حکومی و تایبەت کاریان دەکرد، ئێستا کارەکانیان لەدەستداوە یاخود چەند مانگێکە مووچەکانیان بڕدراوە.