باران بارین ئازاری ئاوارەکانی کەرتی غەززە زیاتر دەکات

شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان و تۆپبارانی قورس بووەتەوە، ئەمەش وای لە دانیشتووانەکەی کرد، هەڵبێن بۆ شوێنێکی سەلامەتتر، سەرەڕای ئەو بارانەی کە ئازارەکانیان زیاتر دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو بارانەی بۆ دووەم ڕۆژ لە کەرتی غەززە بەردەوام بوو، ئازاری هەزاران ئاوارەی لە چادر و پەناگەکاندا خراپتر کرد.

 

سەرەڕای خراپی کەشوهەوا و بارانبارین دوای هێرشە توندوتیژەکان بۆ سەر شارەکە و چڕبوونەوەی شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، ئاوارەبوون لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززەوە بۆ ڕۆژئاوای شارەکە و بەرەو شاری ڕەفە بۆ گەڕان بەدوای پەناگەی پارێزراو بۆ دووەم ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامە.

 

فڕۆکە جەنگییەکان و ئۆتۆمبێلە تۆپهاوێژەکان ڕۆژی شەممە ٢٧ی کانوونی دووەم، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی قورسیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە ئەنجامدا، دوایینیان بۆردومانکردنی ماڵە مەدەنییەکانی ڕۆژئاوای خان یونس و هەروەها کامپی پەنابەرانی مەغازی بوو لە ناوەندی کەرتی غەززە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە گەمارۆدانی کۆمەڵەی پزیشکی ناسر و نەخۆشخانەی مانگی سووری فەڵەستینی ئەمەل لە خان یونس بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەر یەک هەروەها بەردەوامە لە تەقەکردن و هەڕەشە لە سەلامەتی کارمەندانی پزیشکی و بریندارەکان و نەخۆشەکان و زیاتر لە ٧ هەزار ئاوارە کە لە نەخۆشخانەکەدان.

 

شەش وڵات بە شێوەیەکی کاتی کۆمەکەکانیان بۆ ئاژانسی فریاگوزاری و کار بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNRWA" ڕاگرتووە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی خراپترکردنی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە دانیشتووانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی دەبنەوە کە لە دۆخێکی خراپی مرۆیی و ژیان و تەندروستیدا دەژین.

 

ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ە گەمارۆی بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندووە بە داخستنی ئەو سنوورانەی کە کەرتی غەززە بە وڵاتانی دراوسێوە دەبەستێتەوە، هەروەها دەروازەی وشکانی ڕەفەح لەگەڵ میسر بەشێوەیەکی کاتی کراوە کرایەوە بۆ چوونەژوورەوەی یارمەتییە سنووردارکراوەکان و دەرچوونی دەیان نەخۆش و بریندارەکان و ژمارەیەک پاسپۆرتی بیانی وەک بەشێک لە ئاگربەستە مرۆییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل.