ڕاپۆرتێک: ٨٠٪ی کچانی ئەفغانی لە خوێندن دوور کەوتوونەتەوە

لە ڕۆژی جیهانی پەروەردەدا، یونیسێف ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، کوالێتی پەروەردە لە ئەفغانستان لە نزمترین ئاستیدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەو کاتەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، ژنان مافی خوێندن و کارکردن و چالاکییەکانی دیکەیان لێ ڕەتکراوەتەوە و سەرەڕای ناڕەزایی چالاکوانانی ژنی ئەفغانی دژی ئەم بارودۆخەی ئێستا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا بێدەنگە بەرامبەر بەو پێشێلکارییانە.

 

سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" لە ڕاپۆرتێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەروەردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کوالێتی خوێندن لە ئەفغانستان لە نزمترین ئاستی جیهاندایە.

 

یونیسێف ئاماژەی بەوەکردووە، کەمتر لە نیوەی منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵ دەچنە قوتابخانەی سەرەتایی و ٦٠٪یان کچن، تەنها ١٢٪ی منداڵانی پۆلی دووەم و سێیەم توانای خوێندنەوەی بنەڕەتییان هەیە و تەنها ١٨٪یان توانای بیرکارییان هەیە.

 

لە ئێستادا ٨٠٪ی منداڵانی کچ و ژنانی گەنجی ئەفغانی لە تەمەنی قوتابخانەدا لە خوێندن دەرچوون، کە هاوتایە لەگەڵ ٢.٥ ملیۆن کەس.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو زیاتر لە نیوەی خوێندنگەکانی ئەفغانستان ئاوی پاکی خواردنەوەیان نییە، زیاتر لە یەک لەسەر سێیان تەوالێتیان نییە و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، ئەو ژینگەی بیناسازی و پۆلەکانی لە ٣٨٥ قوتابخانەی سەرەتایی وڵاتەکەدا باشتر کردووە.