چالاکوانێک بۆ دانپێدانانی بەزۆر ئەشکەنجە درا

شەریفە محەمەدی، چالاکوان لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن لێکۆڵەرەوانی سەر بە وەزارەتی هەواڵگری ڕژێمی ئێرانەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی بەزۆر ئەشکەنجە درا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتەکانی ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی یەکێتیی کرێکارانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری کە پێشتر لە زیندانی لاکان لە ڕەشتەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی سنە لەلایەن لێکۆڵەرەوە هەواڵگرییەکانەوە بۆ دانپێدانانی بەزۆر لێیدراوە و ئەشکەنجە دراوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە دوای ئەوەی شەریفە محەمەدی لە زیندانەوە گواسترایەوە بۆ بەشی هەواڵگری بۆ لێکۆڵینەوە و دوای ئەوەی گەڕێندرایەوە بۆ زیندان، برین و سووربوونەوە و هەوکردنی توند لە چاو و دەموچاویدا هەبووە.

 

شەریفە محەمەدی لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کاتێک لە ڕێگادا بوو بۆ کارکردن لەلایەن وەزارەتی هەواڵگرییەوە دەستگیرکرا، و لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە زیندانی لاکان لە ڕەشت گواسترایەوە بۆ زیندانی سنە، لە ماوەی زیندانیکردنیدا، تەنها دوو جار ڕێگەی پێدراوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و تۆمەتەکانی دژی.