١٨ی کانوونی یەکەم، هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ کەرکوک
لە بەیانی ئەمڕۆوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەڕێوەدەچێت و ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارێزگای کەرکوک لە دوای ١٨ ساڵەو چارەنووسسازە.
ناوەندی هەواڵ
بەیانی ئەمڕۆ ١٨ی کانوونی یەکەم، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە سەرانسەری عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیپیکردوو تا کاتژمیر ٦ی ئێوارە بەردەوامی دەبێت.
بۆ پارێزگای کەرکوک کە دوای ١٨ ساڵە جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا بەڕێوەدەچێت، پرۆسەیەکی گرنگە بۆ نەتەوەی کورد لەو شارەدا، هەربۆیە هەوڵی جدی هەبوو بە ئاڕاستەی دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك، لایەنی توركمانی و پێكهاتەی سوننە فشاریان بۆ دواخستنی کرد.
بەڵام دواجار دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ١٢ی کانوونی یەکەم ڕەتیکردەوە هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک دوابخرێت.
بۆچی بۆ کەرکوک هەڵبژاردن گەنگە؟
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە كورد لە زۆرینەی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەسەڵاتی هەبوو، بەتایبەت كەركوك كە گرنگترین و پڕبایەخترین ناوچەی دابڕاوی كورد بووە لە كوردستان بە درێژایی مێژوو، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق و دوای ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەم پارێزگایە كەوتە ژێر دەسەڵاتی كوردی پارێزگاكە، تا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و كەركوك و تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ٢٠١٧، دواتر ڕوداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ و لەشكركێشی سوپای عێراق و دەست بەسەردا گرتنی پارێزگای كەركوك و سەپاندنی دەسەڵاتی عەرەبی و سەربازی بەسەر ئیدارەی پارێزگاكە بەشێوەیەكی گشتی.
دانانی راکان جبوری وەک پاریزگاری کەرکوک وایکرد، کێشەکانی بەردەم نەتەوەی کورد لەو پارێزگایە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپ بێت و هەمیشە هەوڵی تەعریب و تەتریک دراوە بەسەر کوردەکاندا، زەوی و کێڵگەی جووتیارانی کورد لە گوندەکانی سنووری ئەو پارێزگایە داگیرکران، دوا ئاڵۆزیی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بوو کە تێیدا زیانی گیانی هەبوو، هەمیشە دوژمنانی کورد کە چاویان لەسەر خاکی کەرکوک بووەو ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕاستەوخۆ هەلەکەی قۆزیەوەو ئاماژەی بەوەکرد کەرکوک هی نەتەوەو پێکهاتەی تورکمانە، هەربۆیە هەڵبژاردن لەو پارێزگایە کە زۆرینەی دانیشتووانی نەتەوەی کوردن و دەبێت کورد لەوێدا مافی ژیانێکی شیاستەی هەبێت گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە.
پەرش و بڵاوی لایەنە کوردییەکان
بۆ مسۆگەرکردنی ١٢ کورسی پارێزگای کەرکوک، چەندین لیست و هاوپهیمانێتی بۆ ههڵبژاردنەکە هەن، بەڵام پەرشوبڵاوترین پێکهاتەی نەتەوەیی لەکەرکوک پێکهاتەی كوردە، چونکە نەیتوانیووە بە یەک لیست و هاوپەیمانێتی بەشداریی بکات، ئەو دوو حزبەی چەندەها ساڵە دەسەڵاتیان لە کەرکوک هەیە یەنەکەو پەدەکە هەمیشە ناکۆکی لەنێوانیان هەبووەو نەیانتوانیووە بەیەکەوە پرسی کورد لەو پاریزگایە سەربخەن، هەربۆیە بە تایبەت دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناکۆکی نێوانیان زیادی کردو زیاتر لەگەل پیکهاتەکانی دیکەو نەیارانی کورد کەوتنە پەیوەندی و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەوە.
بەپێی کۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەى ڕێژەى بەشدارییکردنى هاوڵاتییانى چەندین پارێزگا لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاتى عێراق تا نیوەڕۆى ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو ڕێژەى بەشدارییکردنى هاوڵاتییان لە کەرکوک ٣٢% بووە, هەروەها ڕێژەی بەشداری دەنگدانی تایبەت کە هیزە ئەمنییەکان و کامپەکانی دەگرتەوە، کە ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو ٧٥% بوو.