بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە دار بڕین زیادی کردووە

نەبوونی سووتەمەنی و دەستپێکردنی سەرمای وەرزی زستان حاڵەتەکانی دار بڕینی زیاد کردووە و پۆلیسی داستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ پاراستنی ژینگە چەندین کەسی دەستگیر کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سێ ڕاگەیاندراوی جیاوازدا پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی ٥ کەس و تێکدانی کورەیەکی خەڵووزیان ڕاگەیاند.

 

بە پێی ڕاگەیەندراوەکانی پۆلیسی دارستان، لە سنوری گوندی کەڵکەسماقی سەر بە شارۆچکەی دوکان، ٣ سەرپێچیکار دەستگیرکران کە نزیکەی ٣٠-٣٥ دار بەڕوویان بڕیوەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان بۆ سنوری گوندی کەڵکەسماق لە کاتژمێر (٢٠.٠٠) شەودا بەمەبەستی پاراستنی ئەو سنورە لە دیاردەى ڕاوکردن یاخود هەردیاردەیەکى سەرپێچى و دژبەسروشت و ژینگە، بینرا بە ئامێرێکى جۆرى بلدۆزەر پارچە زەویەک تەخت کراوە و ژمارەیەک دارى سروشتى تەمەن جیاواز هەڵکەندراوە و شکێنراوە، کە نزیکەی (٣٠ بۆ ٣٥) دار بەڕوو دەبوون، دوای مانەوەیان لە شوێنەکەدا مەفرەزەکە توانیان کەسێک کە شۆفێرى بلدۆزەرەکە بوو دەستگیر بکەن و دواتر هەریەک لە سەرپەرشتیاری ئیشەکە و خاوەنی زەویەکەش دەستگیرکران".

 

لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراو ڕادەستی بەڕێز دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسای .

 

لەلایەکی دیکەوە، لە سنورى گوندى سیامێوە سەر بە ناڵپارێز لە شارۆچکەی پێنجوێن، مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى ناڵپارێز بە بڕیاری دادوەر کورەیەکی خەڵوزیان ڕووخاند، کە بە دار خەڵوز دروست دەکەن، پەڕاوى لێکۆڵینەوەش بۆ ئامادەبوونى خاوەنى کورەى خەڵوزەکە لە بەردەم دادگا بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایى  کرایەوە.

 

هەر لە ناڵپاریز و لە گوندی باخی، پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز دوو سەرپێچیکاریان لە کاتی بڕینەوەی داری دارستانەکاندا دەستگیر کرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

 

جێی ئاماژەیە، هاتنی سەرمای وەرزی زستان و نەبوونی سووتەمەنی و دابەشنەکردنی نەوت بە نزیکەی دوو ساڵ لەلایەن حکومەتی هەرێم و گرانی نەوت لە بازاڕەکاندا، بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی بڕینەوەی دار بە تایبەت لە گوندەکان و دارستانەکانی دەوروبەریاندا.