ململانێی بەردەوام لە سودان قەیرانی خۆراک گەورەتر دەکات

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای پەرەسەندنی قەیرانی خۆراک لە سودان زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای کرد ڕێوشوێنی بەپەلە و پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کارەساتی مرۆیی ڕوونەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای هەشت مانگ لە ململانێ لە وڵاتی سودان و نائاسایشی خۆراکی توند، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-فاو لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای بەپەلەی دابینکردنی بودجەی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی خۆراک کرد بۆ ئەو وڵاتە.

 

فاو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داتایانەی ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە ١٧ ملیۆن کەس، واتا نزیکەی ٣٧%ی دانیشتووان، لە نێوان مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و شوباتی ٢٠٢٤دا ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائاسایشی خۆراک دەبن، داوای کرد دەستبەجێ و بەکۆمەڵ کار بکرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەساتێکی مرۆیی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو ململانێیەی کە چەند مانگێکە لە وڵاتدا بەردەوامە و پەرەسەندنی توندوتیژیەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی خۆراک و گەورەترکردنی قەیرانی مرۆیی لە زۆرێک لە ناوچە شاریی و نیمچە شار و گوندنشینەکان و زۆرترین ناوچە زیانلێکەوتووەکانی وەک دارفور و کۆردۆفان و خەرتوم.

 

نوێنەری دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان ئاماژەی بەوەدا کە "پێداویستی بەپەلە ڕوونە و پابەندبوونمان بێ چەواشەکارییە، بەڵام داهاتوو پێویستی بە بودجەی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە پشتیوانییە ژیانییەکەمان"، جەختی لەوە کردەوە کە خراپتربوونی قەیرانی خۆراک پاڵنەرە بۆ خۆراک و ڕێکخراوی کشتوکاڵ داوای بڕی ٧٥.٤ ملیۆن دۆلار بکەن، بە مەبەستی باشترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی بە تایبەتی.

 

سودان لە پانزەی مانگی نیسانەوە شاهیدی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٦.٨ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاوارەبوون.