ئاوارەکانی سەر بە پارێزگای دیالە گەڕانەوە زێدی خۆیان

بەشێک لەو خێزانانەی بەهۆی هێرشەکانی داعش لە ناوچەی دیالە و دەوروبەری ئاوارەبوون گەڕانەوە زێدی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەربارەی گەڕاندنەوەی ژمارەیەک ئاوارە بۆ زێدی خۆیان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوەکرد، ٤٠٠ خێزانی ئاوارە ئەمڕۆ  گەڕاونەتەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان لە گوندی نەهر ئیمام لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی مقدادییەی سەر بە پارێزگای دیالە، کە ماوەی دوو ساڵە ئاوارەن.

 

ئەوەشخرایە ڕوو ئەو ئاوارانە، بەهۆی هێرشى چەتەكانی داعشەوە ئاوارە ببوون، بەڵام لەلایەن حكومەتە خۆجێیەكان و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكانەوە هەوڵی گەڕانەوەیان دراوە، ئەویش دوای ئەوەی هەموو پێداویستیەکى گونجاو بۆ گەڕانەوەیان لە گوندەكە و ناوچەكانەوە بۆ دابین کراوە، هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، هەوڵی دیکە دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی خێزانەکانی دیکەش، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی زێدی خۆیان.