دەفەگە و مەکەگە: لە مانگی تەمووزدا لە تورکیا دەیان ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون

بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەفەگە و مەکەگە لە مانگی تەمووزدا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکان و سانسۆری دیجیتاڵ میدیاوە، دەیان ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی پێشێلکاری، دادگاییکردن و زیندانی بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات "دەفەگە" و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا "مەکەگە" ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکان دژی ئازادیی ڕاگەیاندن لە تورکیا بۆ مانگی تەمووز بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر بەردەوامیی گوشارەکان، دادگاییکردنەکان و سانسۆری دیجیتاڵ دەکاتەوە.

 

دەفەگە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی پێش لووتکەی ناتۆ لە کاتی چاودێریکردنی چالاکییەکاندا ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان کراوە هەواڵ درووست بکەن و هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانیش ڕووبەڕووی ڕفتاری خراپ بوونەتەوە.

دەفەگە جەختی لەوە کردەوە، لە مانگی تەممووزدا دادگاییکردنی ٣٣ ڕۆژنامەنووس لە ١٤ دۆسیەدا بەردەوام بووە، سەرەڕای ئەوەی بڕیاری بێتاوانی و ئازادکردن بۆ هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان درا، بەڵام زۆرێک لە دۆسیەکان دواخراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سانسۆری دیجیتاڵ بەردەوامە و ٢٠ ناوەڕۆکی میدیای دیجیتاڵی قەدەغە کران، هەروەها باس لەوەشکرا، دەستڕگەیشتن بە دوو هەواڵ و دوو ماڵپەڕی هەواڵی ئاستەنگ کراوە و لەم مانگەدا بەهۆی هەواڵەکانەوە ١١ وەشان قەدەغە کراون.

 

بەپێی ئامارەکانی دەفەگە، ئێستا لە تورکیا ٢٧ ڕۆژنامەنووس هێشتا دەستبەسەرن.

 

دەفەگە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئەم بانگەوازەی کرد، ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە. مافی چاودێریکردن و درووستکردنی هەواڵ و مافی دەستڕگەیشتن بە زانیاریی ڕاست ئاستەنگ ناکرێت. دەبێت مافی ئازادیی ڕاگەیاندن بپارێزرێت و مسۆگەر بکرێت. دەبێت ڕۆژنامەنووسان لەبەر کارەکەیان ڕێگرییان لێ نەکرێت و دادگایی نەکرێن. دەبێت سانسۆری سەر میدیای دیجیتاڵی کۆتایی پێ بێت.

 

هەروەها مەکەگە ڕایگەیاند، بەهۆی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیانەوە دادگاییکردنی ١١ ڕۆژنامەنووس بەردەوام بووە و لە زیندانە جیاوازەکاندا هەشت ڕۆژنامەنووس زیندانین.

 

ڕاپۆرتەکە سەرنجی خستە سەر سانسۆری دیجیتاڵ میدیا و ڕایگەیاند، لە مانگی تەمووزدا ١٧ هەژماری دیجیتاڵ میدیا داخراون و دەستڕگەیشتن بە ١٧ پلاتفۆرمی دیجیتاڵ میدیا ئاستەنگ کراوە.