چۆڵکردنی بەکۆمەڵ لە غەززە فشاری دەروونی زیاد دەکات

هێزەکانی ئیسرائیل فشاریان بۆ خەڵکی باکووری غەززە زیاد کردووە بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بەرەو بەشی باشووری غەززە، ژن و منداڵە ئاوارەبووەکانی غەززە بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە لەژێر فشاری دەروونیدا دەژین.

نەغم کەراجە

 

غەززە- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، بەهۆی هێرش و هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە دەیان هەزار کەس ناچار بوون شوێنەکە بەجێبهێڵن، لەم هەفتەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل بە بڵاویکردەوە کە پێویستە خەڵکی باکووری غەززە شوێنەکەیان جێبهێڵن و بچنە بەشی باشووری غەززە، ئەم فشارە کاریگەری زۆری لەسەر دەروونی منداڵ و ژنان هەیە هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی.

 

"ژنان لە غەززە بارگرانی ململانێکان لە ئەستۆ دەگرن"

ڕەغدە حیجازی، دایکی ٧ منداڵ، چیرۆکی شەڕەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەو کاتەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکەمان کردووە، ئێمە لە ناوەندەکانی ئاوارەبووندا دەژین، بەڵام تا ئێستا هەست بە سەلامەتی ناکەین، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی زەمینییان کردە سەر ناوچەکە ئێمە کاتمان نەبوو لە ژێر فیشەکەکاندا ڕامانکرد و نەماندەزانی بۆ کوێ دەڕۆین زۆر ترسام شەوانە لە ترسی هێرشکردن، خەومان نییە.

 

"هەوڵدەدەین منداڵەکانمان بپارێزین"

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕەغدە حیجازی وتی: تەندروستی دەروونی منداڵەکانمان خراپن، ژیانیان بە گریان و ترسەوە بەسەر دەبەن، هەروەها ژنان لە کابوسدا دەژین، هەوڵ دەدەین لە بارودۆخە سەختەکاندا منداڵەکانمان بپارێزین، ژنان لە غەززە قورسایی ململانێکان لە ئەستۆ دەگرن هەروەها بۆ پاراستنی خێزانەکانیان لە ڕوبەڕوبوونەوەی دەروونی و جەستەیی بەردەوامن.

 

 

"دۆخەکە لەوە خراپترە کە جیهان دەیبینێت"

سەماهیر بالبیسی باسی لە ئەزموونە سەختەکەی کرد لە دوای کۆچکردنی و وتی: دوای هێرشی زۆر لە گەڕەکی شوجەیا کۆچمان کرد، بڕیارمدا بە فەرمانی هێزەکانی ئیسرائیل نەجوڵێمەوە، چونکە من ماندوو بووم لە بەردەوامبوونی کۆچکردن دەبێت لەگەڵ خێزانەکەمدا ڕووبەڕووی مردن ببمەوە لە باکووری غەززە ناتوانین ئاسایش بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین هەموو شتێک لە دەوروبەرمان خراپە.

 

"خەڵکی ناتوانن بەرگەی دۆخەکە بگرن"

سەماهیر بالبیسی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، هەر جارێک دەنگی تۆپ دەبیسترێت زۆر دەترسن و وتی: کاتێک فڕۆکەکان لە ئاسمان دەبینین خوێن لە جەستەماندا دەوستێت، منداڵان لە ژێر مێز و کورسییەکان خۆیان دەشارنەوە و دەگرین و هاوار دەکەن دۆخەکە چیتر بەرگە ناگیرێت، ئێمە هەر ڕۆژێک وەک ئەوەی دوا ڕۆژمان بێت دەژین و هەوڵ دەدەین یەکڕیزی خێزان بپارێزین و گرنگی پێویست بە منداڵەکانمان بدەین، زۆرێک لە ئێمە هاوسەر یان ئەندامانی خێزانمان لەدەستداوە ئێستا بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ و پێویستمان بە ئاسایش و ئاشتییە، بەڵام ڕوونە کە ئەمە خەونێکی دوورە.