کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا

مەسعود پزشکیان، کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ١٤یەمی سەرۆکایەتی ئێراندا، ٥٣.٧%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بوو بە نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ خولی دووەمی هەڵبژاردنی ١٤ەیەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، مەسعود پزشکیان، کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان و وەزیری پێشووی تەندروستی بە بەدەستهێنانی ٥٣.٧%ی دەنگەکان بووە نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران.

 

موحسین ئیسلامی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لە ناوەندی هەڵبژاردن لە باڵەخانەی وەزارەت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، ژماردنەوەی دەنگەکانی خولی دووەمی هەڵبژاردن تەواو بووە.

 

موحسین ئیسلامی ئەوەی خستەڕوو، کە ٥٩ بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری وڵات دانراون، ٣٠ ملیۆن دەنگدەر دەنگی خۆیان داوە، مەسعود پزشکیان ١٦ ملیۆن و ٣٨٤ هەزار و ٤٠٣ دەنگی بەدەستهێناوە، کە بە پێی داتاکان ٪٥٣.٧ی دەنگی دەنگدەران بووە، هەروەها سەعید جەلیلی باوەڕداری ئیسلامی ١٣ ملیۆن و ٥٣٨ هەزار و ١٧٩ دەنگی بەدەستهێناوە، کە لە ٪٤٤.٤ی دەنگەکان دەکات.

 

بەشداری دەنگدەرانی وڵاتی ئێران لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ٪٤٩.٨ بووە.