"گەڕانەوەی شەنگال و پاراستنی ئەرکی ئێمەیە"

خۆبەڕێوەبەریی شارەوانیی گەلی شەنگال ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی لە شەنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی شەنگال بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند وەک شارەوانی گەل بە هەموو تواناکانیان خزمەت بە کۆمەڵگاکەیان دەکەن.

شەنگال

 

شارەوانیی گەلی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە گەڕانەوەی ئێزدییەکان لە کامپەکانی باشوور و عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خزمەتگوزارییەکان بۆ ئێزدییەکان دابین کراون.

 

نەیف شەمۆ، هاوسەرۆکی دەستەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال وتی: وەک شارەوانی چەند ساڵێکە خزمەت بە خەڵکی شەنگال دەکەین، ئێمە دەنگی خۆمان دەنێرین بۆ گەلەکەمان، کە چەند ساڵێکە ئاوارەن و لە دەرەوەی شەنگالن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێن و ناوچەکانی خۆیان، ئێمە وەک ئیدارەی خۆسەر هەمیشە لە خزمەت گەلەکەماندا دەبین.

 

ئەڵماس نایف، بەڕێوەبەری شارەوانی سیبا، ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و باسی لەوەکرد، کە هەزاران خێزانی ئێزدی لە کەمپەکان گەڕاونەتەوە و بە هەموو توانایەکەوە وەک شارەوانی گەل خزمەت بە کۆمەڵگەکەیان دەکەن.

 

پاشان ڕاگەیەندراوی شارەوانی گەلی خۆبەڕێوەبەری شەنگال خوێندرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرا، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش فەرمانی دڕندانە و کوشتنی لە دژی ئێمەی ئێزدی ئەنجامدا هەزاران ئێزدی بە ژن و منداڵەوە کوژران یان ڕفێندران، گوند و شارۆچکەکانی شەنگال وێران بوون، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد، ئێمەی ئێزدی لە جینۆساید ڕزگارمان بوو.

 

"خزمەتگوزارییەکان بۆ کۆمەڵگە بەبێ پچڕان بەردەوامن"

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی ڕێگری لە جینۆساید گیرا لەلایەن تەڤگەری ئازادیخوازیەوە، خۆبەڕێوەبەری شەنگال دامەزرا، یەکێک لەو دامەزراوانەش دامەزراندنی شارەوانی گەلی شەنگالە، لە چەند گوندێکدا چەندین شارەوانی ئیدارەی خۆسەر دامەزران، ١٠ ساڵە شارەوانی گەلی خۆبەڕێوەبەری بە سەد ئۆتۆمبێل و سێ سەد ئەندام خزمەتی گەلەکەی دەکات، ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن بریتین لە، دابەشکردنی ئاو، ٣٥ مۆلیدە دابین کراوە، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، پاککردنەوەی گەڕەک، دروستکردنی ڕێگای گەڕەک و گوندەکان، دروستکردنی پارک، دروستکردنی پرد، دروستکردنی بیر، چاندنی نەمام و دابەشکردنی نەمام لە زۆرێک لە باخچەکاندا.

 

"بە گەڕانەوەمان بۆ شەنگال دەبێت پارێزگاری لە بوونی خۆمان بکەین"

لە درێژە ئاماژە بەوەکرا، ئێمە وەک شارەوانی گەلی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ماوەی ١٠ ساڵە بە ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ کار و چالاکییەکانمان فراوانتر کردووە، بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە شەنگال سەلامەت و پارێزراوە،  ئاسایش و سەقامگیری شەنگال کاری ئێمەیە، با گەلەکەمان کە لە کامپەکانی باشوورە، بزانن گەڕانەوە بۆ خاک بە مانای بوونی خۆمان دێت، شەنگال شوێنێکی دێرین و پیرۆزە بۆ ئێمەی ئێزدی، گەڕانەوە بۆ زیدی خۆمان بوون و پاراستنی ئێمەیە، لەبەر ئەوەی هەموو قوبە پیرۆزەکان لە شەنگال دروستکراون، ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ پەرەپێدانی ژیانێکی ئازاد دەیکەین، چونکە لە مێژوودا و سەدان ساڵ بەر لە ئێستا ئێزدییەکان بوونی ئێمەیان لە شەنگال پاراستووە، ئێمەش بە گەڕانەوە بۆ خاکی پیرۆزمان بوونی خۆمان دەپارێزین.

 

"زۆر دڵخۆشین کە گەلەکەمان دەگەڕێتەوە"

مەروە شەنگالی، ئەندامی شارەوانی شەنگال، وتی: ئەمڕۆ وەک ئەنجومەنی شەنگال و شارەوانی شەنگال هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ گەلەکەمان کە گەڕاونەتەوە دەیکەین، خۆشحاڵین کە گەلەکەمان دوای ١٠ ساڵ گەڕایەوە شوێنی خۆی، هیوادارم و داواکارم هەموو خەڵکەکەمان لە دەرەوەی شەنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئێمە پێویستی و خزمەتگوزارییەکان دابین دەکەین و خزمەت دەکەین.