"پێویستە یەکگرتوو بین تا تیرۆرکردنی ژنان ڕابگرین"

ئەسما لەتیف، ئەندامی یەكێتی ژنانی کوردستان لە کەرکوک باس لە تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالید دەکات و دەڵێت: دەبێت یەکگرتوو بین تا کۆتایی بە تیرۆر و بەئامانجکردنی ژنان بهێنین.

تەوار پێنجوێنی

 

کەرکوک- ئەسما لەتیف، لە بەشی پەیوەندییەکانی یەكێتی ژنانی کوردستان لە کەرکوک، لە چوارچێوەی ٨ی ئاداردا پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە ژنان کرد و دەربارەی تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالید، بە نازناوی زەلال زاگرۆس، لە ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە کەرکوک تیرۆر کرا، وتی: بە داخم بۆ کوشتنی فریال سلێمان و هەزارانی وەک فریال سلێمان کە لە کۆڵان و شەقامەکاندا تیرۆر دەکرێن، چونکە دەسەڵات لە ژنی ئازا و چالاک و بە ئیرادە دەترسن، تا بە کوشتنیان ڕێگری لە سەرکەوتنیان بەسەر دوژمندا بکەن.

 

ئەسما لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، لە کەرکوکدا ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵدەدەن یەکگرتوو بن تا ڕێگری لە بەئامانجکردنی ژنانی تێکۆشەر بگرن، "دەمانەوێت چالاکی و کۆبوونەوە بکەین تا هەڵسەنگاندن بۆ بەئامانجکردنی ژنان بکەین و ڕێگری بکەین لە تیرۆرکردنی ژنان لە چوارپارچەی کوردستانیش".

 

ئەسما لەتیف پەیامی خۆی وەک ژنێکی کەرکوک دەنێرێت و دەڵێت: پەیامم ئەوەیە ژنان یەکگرتوو بن، تا کارێک بکەین تیرۆرکردنی ژنان بنبڕ بکەین، ئامانجمان لە چالاکییەکانی ژنانیش ئەوەیە کە هەوڵ بدەین کوشتنی ژنان کۆتایی پێبێت و چونکە دڵتەنگین بە لەدەستدانی ژنان.