پەرتوکی "پەروەردەکردن لە ڕێگەی چیرۆکەوە لە دایەنگە" بڵاوکرایەوە

پەرتوکی "پەروەردەکردن لە ڕێگەی چیرۆکەوە لە دایەنگە" لەلایەن پڕۆژەی  پەروەردەیی خەونی منداڵان  بڵاوکرایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی پەرتوکی "پەروەردەکردن لە ڕێگەی چیرۆکەوە لە دایەنگە" لەلایەن پرۆژەی پەروەردەی خەونی منداڵان بە سەرپەرشتیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئامانجی پەروەردەکردن و دروستکردنی خەیاڵ بۆ منداڵان بڵاوکرایەوە.

 

سەرەتای چالاکییەکە بە ئامادەبوونی دیمەن حەمە عەلی، کە خاوەن بیرۆکەی پەرتوکەکە و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی باخچەی منداڵان، نووسەرانی بواری منداڵان پەیام ئیبراهیم، ئەمین محەمەد، عەلی حەمە ڕەشید، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد و چەند پارچە میوزیكێک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

 

دیمەن حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی باخچەی منداڵان و خاوەن بیرۆکەی پەرتوکەکە، وتی: تەمەنی دایەنگە کە پێنچ ساڵی یەکەمی منداڵ دەکات، تەمەنێکی زۆر هەستیارە، لەبەرئەوە دەبێت بە شێوەیەکی دروست و ڕاست پەروەردە بکرێن، بۆیە دەبێت بتوانین منداڵان لە هەموو بوارەکاندا گەشە پێبدەین، ئەو بوارانەی کە گرنگە بۆ پەروەردەکردی منداڵ، چیرۆک و یارییە، پەرتوکەکەش چەند بابەتێکی لە خۆدەگرێت لە چوارچێوەی پەروەردە کردنەوە کە منداڵان لەم تەمەنەوە پێویستی پێیەتی،  بۆ نمونە وەرزەکان، ڕەنگەکان، پاکو خاوێنی و شێوە ئەندازەییەکان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دیمەن حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە وەزارەتێکە و چەندین بەڕێوەبەرایەتی هەیە، لەم پڕۆژەیەدا پاڵپشت بووە.

 

پڕۆژەی خەونی منداڵان ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی ئەم شێوە پەرتوکە چیرۆکیانە، ئەوەیە کە، پەروەردەی منداڵان لە دایەنگەکاندا بکەن و تەنها بە گێڕانەوە و گوێگرتن نەبێت. بەڵکو هاندەرێک بێت بۆ پەروەردەی منداڵ و ناساندی "پیتەکان و ڕەنگەکان و گەشەی زمان و کەسێتی" کە دەبێت منداڵ فێر بکرێت لە سەرەتای تەمەنی دایەنگەوە.