ژنە خۆپیشاندەرانی سوەیدا بڕیاری دەرکردنی مامۆستایەک ئیدانە دەکەن

خۆپیشاندەرانی سوەیدا دووپاتیان کردەوە کە ترس لەسەر مامۆستایان هەیە، دوای ئەو بڕیارەی حکومەتی دیمەشق کە لە دژی یەکێک لە مامۆستایان دەرچووە.

ڕۆشێل جونیۆر

 

سوەیدا- خۆپیشاندەرانی شاری سوەیدای سووریا ڕێپێوانیان کرد و بە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەدا تێپەڕین و ڕوویان لە گۆڕەپانی کەرامەت کرد، وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە دەرکردنی مامۆستایان.

 

هێلین ئەبو مونزر، مامۆستا داوای پاشەکشەی لە بڕیاری دوورخستنەوەی پرۆفیسۆر سەدام النەجم کرد  وتی: ئەم بڕیارە هیچ هۆکار و پاساوێکی نییە، هەموومان بەهۆی وتنی وشەی ئازادییەوە هەڕەشەمان لێدەکرێت، بۆیە دەبێت یەکگرتوو بین، ترس لەم بڕیارە بۆ ژنانی مامۆستاش هەیە، ئێمە داوای ژیانێکی ئازاد و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و داهاتوویەکی باشتر دەکەین.

 

ڕەدینە خەتیب، پارێزەر ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەو پشێوییە ئەمنییەی لە وڵاتدا هەیە، ترس بۆ دۆخی ژنان زیادیکردووە، لە سەرەتای قەیرانەکەوە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ژنان بارگرانییەکی زۆریان لە ئەستۆ گرتووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە هەڵمەتی سەربازی تێدا ئەنجامدرا، ژنان بژێوی ژیانیان لەدەستچوو و یان لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا بوون گەنجان ناچارکران کە خزمەتی سەربازی بکەن و بارگرانی لەسەر ژنان زیاتر بوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی سوەیدا لە یەکەم ڕۆژی بزووتنەوەکە بە توندی بەشدارییان کردووە لەپێناو کاریگەربوون و هێنانەدی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەدا، وتی: سیاسەت بەرژەوەندییە، دەبێت بەرژەوەندییەکانیان لەسەر خاکی سوریا کۆببێتەوە، بەڵام ئێمە هیچ هاوپەیمانێک، هیچ دەستدرێژکارێک، یان هیچ هێزێکی بیانیمان ناوێت لەسەر خاکەکەمان و بوونیشیان نایاساییە.

 

لە کۆتاییدا وتی: کاتێک ژنان بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکەن، هەست بە بەهێزبوون دەکەن، هەروەها بەدوای گۆڕانکاری سیاسی گشتگیردا دەگەڕێن و دیدگای کۆنەپەرستانە بەرامبەر بە ژنان و ئەو یاسایانە دەگۆڕن کە نادادپەروەرن بەرامبەریان.