لە زامبیا داوا لە دانیشتووان دەکرێت لە شارەوە بگوازنەوە بۆ گوندەکان

دوای ئەوەی نزیکەی ٣٠٠ کەس بەهۆی نەخۆشی کۆلێرا گیانیان لەدەستدا، هاکیند هیچیلێما، سەرۆکی زامبیا داوای لە خەڵک کرد لە شارۆچکەکانەوە بۆ گوندەکان بگوازنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٧ هەزارو ٥٠٠ حاڵەتی کۆلێرا لە سەرانسەری زامبیا تۆمارکراوە.

 

وەزارەتی تەندروستی زامبیا ڕایگەیاند لە ١١ی کانوونی دووەم تا ١٢ی کانوونی دووەم، زیاتر لە ٥٠٠ حاڵەتی نوێ و ١٧ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.

 

ئەم نەخۆشییە تا ئێستا لە کۆی ١٠ پارێزگا لە٨یان بڵاو بووەتەوە، وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی خۆپاراستن، کردنەوەی خوێندنگەکان دواخرا.

 

لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نزیکەی یەک ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆلێرا بنێرێت.

 

هەروەها هاکیند هیچیلێما، سەرۆکی زامبیا ڕایگەیاند، حکومەت هەندێک ڕێوشوێنی زەحمەت دەگرێتەبەر بۆ لەناوبردنی نەخۆشییەکە کە بە ئاو دەگوازرێتەوە، داوشی کرد گوندنشینان لە شارو شارۆچکەکانەوە بۆ گوندەکان بگوازنەوە، وتی: لە گوندەکان ژمارەیەک زەوی هەیە، ئاوی پاک هەیە، دەتوانین خانووی جوان لە گوندەکان دروست بکەین.