بۆ ژنانی ئەمازیغی پڕۆژە پێشدەخرێت

ئەمازیغەکان گەلی کۆنی مەغریبن، ناتوانن خۆیان لە زۆرێک لە دامەزراوە گشتییەکاندا دەرببڕن وەک دادگاکان، ئەو ژنانەی کە پشتیوانی یاسایی پێشکەش بە ژنانی ئەمازیغ دەکەن ئامانجیان کۆتایی هێنانە بە جیاکاری.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- ئەمازیغ یەکێک لە کۆنترین گەلی مەغریبە، کە لە باڵی بەربەرەوە هاتووە، هەرچەندە زمانی ئەمازیغ بە فەرمی لەلایەن حکومەتی مەغریبەوە قبوڵکراوە، لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک لە نەخۆشخانەکان و دادگاکان و زۆر شوێنی گشتیدا بە زمانی ئەمازیغ قسە ناکات، بەڵام خەڵک ناتوانن خۆیان دەرببڕن و ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە بەدیهێنانی پێداویستییەکانیان.

 

نەجات ئوتکاردی، سەرۆکی کۆمەڵەی شوێنە بەکۆمەڵەکانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ژنانەی لە ئەمازیغ و ناوچە گوندنشینەکان دەژین لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش دەکرێن و لە دامەزراوە گشتییەکاندا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن دەبنەوە، وتیشی: پشتیوانی یاسایی بۆ ژنانی ئەمازیغ دابین دەکەین و زۆربەی ئەو ژنانەی کە داوای پێداچوونەوە لە دادگاکان دەکەن ڕۆژێکی سەختیان هەیە چونکە ناتوانن بە زمانی دایکیان دەربارەی جیابوونەوە، توندوتیژی و کەیسە جیاوازەکان قسە بکەن، بۆیە پشتیوانی یاساییمان بۆ ژنان لەو بوارەدا دابین کردووە.

 

"ئاستەنگی لە بەدیهێنانی دادپەروەریدا هەیە"

نەجات ئوتکاردی ڕایگەیاند، کۆمەڵەکە هەوڵی هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەی مەراکیش-سافیە لە چوارچێوەی "تۆڕی یەکگرتووی ژنان"دا ئەنجام داوە، هەروەها ژنان لە ڕێگەی سەنتەری گوێگرتنەوە پشتگیری دەروونییان پێدرا، ئەو ژنانەی کە دەستدرێژی زایەندییان دەکرێتە سەر ناتوانن پەیوەندی بکەن بە دەسەڵاتدارانی دادوەری، تەندروستی، ئاسایش و ئیدارییەوە چونکە ناتوانن بە زمانی دایکیان دەربارەی کیشەکان بدوێن، ئەمەش زۆرجار ڕێگری لە دادپەروەری دەکات، لەم بوارەدا پشتگیریمان لێکردن.

 

ئامانجیان بەهێزکردنی ژنانە

نەجات ئوتکاردی ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵەکە پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە بە ناوی "یودا" بۆ پەرەپێدانی کارامەییەکانی پەیوەندیکردن و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان لە ناوچەکەیان بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ژنانی ئەمازیغی بکەن، پڕۆژەکە بۆ ماوەی ساڵێک و ٦ مانگ بەردەوامەو نزیکەی ٣٠٠ ژن لە ١٠ گوندی ئەمازیغ لە پارێزگای حەوز لەخۆدەگرێت، ئامانج ئەوەیە کە ژنان زانیاری تەواویان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، وەک بەشێک لە پڕۆژەکە، ١٠ چالاکوانی خۆبەخش دەچنە خولی پەروەردەو ژنان لە هەموو کێشەکان ئاگادار دەکەنەوە.

 

"پێویستە بۆ داهاتوو پڕۆژە ئامادە بکرێن"

نەجات ئوتکاردی ڕاشیگەیاند، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، ڕەشنووسی ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت بۆ پێشنیار و پێداویستییەکانی کۆبوونەوە بەکۆمەڵە هاوبەشەکان و وتی: ژنانی گوندەکان لە ئەمازیغ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، هیچ ڕێگەیەکیان لەبەردەم نییە بۆ هەلی کار یان پرۆژەی داهات دروست بکەن لەبەر ئەوەی کارەکانیان سنووردارە بۆ بەخێوکردنی منداڵان و ئەنجامدانی کاری ماڵەوە، ئەمەش لاوازیان دەکات و وایان لێدەکات نەتوانن مافە بنەڕەتییەکانیان بەدەستبهێنن، کە بریتییە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

 

نەجات ئوتکاردی لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، پێویستیان بە وەرگێڕ هەیە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکەن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ژنانی ئەمازیغ لەو دامەزراوانەی سەردانی دەکەن، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی ڕابردووەوە، ژنانی ئەمازیغ زیاتر پەراوێزخراون و ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە بە بەراورد بەو ژنانی دیکە، پێویستە ژنانی ئەمازیغ ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بکەن و دەرفەتی باشتریان هەبێت.