ڕژاک: کۆمەڵکوژی پاریس درێژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆیە

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریسدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بانگەوازی دەکەین کە هەموو ژنان بە یەک ڕۆح و یەک دەنگ شەپۆلی خەبات بەرز بکەنەوە".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ی پاریس، کە تیایدا ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل تیرۆرکران، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم کۆمەڵکوژییە بە درێژەی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە دەزانین کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس دادەنێین".

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس بەهۆی سیستەمی دەوڵەتی پیاوانەوە ئەنجامدرا، لە کەسایەتی شۆڕشگێڕ و پێشەنگ ئەڤین گۆیی، هێرشە بۆ سەر خەبات و بەهاکانی دایک-ژن کە پێنج هەزار ساڵە بەردەوامە، لە کەسایەتی هونەرمەندی کورد میر پەروەردا، هێرشە بۆ سەر کولتوور و شوناسی کورد و لە کەسایەتی وڵاتپارێزی کورد عەبدولڕەحمان کزلیشدا، هێرشە بۆ سەر ئەو دڵسۆزی و وابەستەییەی گەلی کورد بۆ پارادایمی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان.

 

ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییە بە درێژەی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە دەزانین کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، هەروەها درێژەی ئەو پیلانگێڕییەیە کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە دژی شۆڕشگێری ٤٠ ساڵە هەڤاڵ سارا و هەردوو هاوڕێکەی ئەنجامدرا، بەردەوامی ئەم کۆمەڵکوژییە توندتر بووە تا ئەو ئاستەی کە هۆشیاری سەرمایەدارەکان و دەوڵەت-نەتەوە بەرگەی خەباتی قووڵ و بەرگە نەگیراوی ژنی ئازاد نەگرێت.

 

بەئامانجکردنی ژنان و شۆڕشگێڕان و پێشەنگەکان دەرئەنجامی هەڵوێستی قارەمانانەی ئەڤین گۆیی بوو، چونکە ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە کەسایەتی خۆیدا بنیادینا، دژی ئەو سیستەمە بوو، دژی ئەو عەقڵە بوو کە بە درێژایی ڕۆژ ژن دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات. ئەم هێرشە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوی هۆشیاری ڕەگەزگەرایی و سەرمایەداری بوو، هێرشێک بوو بۆ سەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، بۆیە بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنان بە یەک ڕۆح و یەک دەنگ شەپۆلی خەبات بەرز بکەنەوە، ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بە توندی ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییە دەکەین و بەڵێن دەدەین بەردەوام بین و خەبات بۆ ئازادی بەرز بکەینەوە، ئێمە وەک ژن بە تێکۆشان و ڕێکخستن و ئیرادە و یەکگرتوویی خۆمان سیستەمی دەوڵەت-پیاو لەناو دەبەین و خەبات بۆ ئازادی سەردەخەین، لە ڕێگەی خەباتی ژنانەوە تۆوی ئازادی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بڵاودەکەینەوە".