گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم ڕژانە سەر شەقام

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەزاران کەس لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە سەر شەقام.

ناوەندی هەواڵ

 

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەزاران کەس بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم دژ بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان و بە هەڵگرتنی پۆستەر و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە سەر شەقام و ڕێپێوانیان کرد.

 

دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بەرخۆدان ژیانە" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" وترانەوە و پەیامی بەرخۆدانیش لە دژی گۆشەگیری سەخت لە ئیمراڵی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دران.

 

کۆبانێ

بە دروشمی "بە ڕۆحی بەرخۆدانی گەریلا، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین" هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی کۆبانێ، کانتۆنەکانی گرێ سپی، خوێندکاران، خۆبەڕێوەبەری، کۆنگرەی ستار، حزبە سیاسییەکان، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، بزووتنەوەی گەنجان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە ٢٥یەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پیلانگێڕی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ساڵیادی داگیرکردنی شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی.  چوونە مەیدانەکان.

 

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهید عەگید وەستا، کە تێیدا چادری چالاکییەکە لەلایەن ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان بۆ هەمان مەبەست کرایەوە.

 

"بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ"

میزگین خەلیل، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری هەرێمی فورات، وتی: ٢٥ ساڵ لەمەوبەر، وەک ئەمڕۆ، هەموو هێزە هەژموونییەکان و سەرمایەدارانی سیستمی سەرمایەداری ڕێککەوتن لەسەر لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕی، ئەم ڕۆژە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بوو، کاتێک سەرۆک ئاپۆ دەستگیرکرا و تا ئەمڕۆش لە دوورگەی ئیمرالییە، لە کەسایەتی ڕێبەردا هەوڵەکە دابڕانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان و ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنان و سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بوو. ئێستا ڕێبەر ئاپۆ لە گۆشەگیرییەکی بێ کۆتاییدایە کە دەتوانین لە ئاستی ئەشکەنجەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەو تاوانانەی لە ئیمرالی ئەنجامدراون پێشێلکردنی هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، دوای ٢٥ ساڵ ئەم گۆشەگیرییە بە ڕەنگی جیاواز لە سەرانسەری کوردستان بەردەوامە، ئەو هێرشەی کە ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێت پشتڕاستی دەکاتەوە، لە دژی ئەم پلان و پیلانگێڕییانە، بەردەوام دەبین لە خەبات لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ، ناوەستین هەتا ڕێبەرەکەمان بە شێوەیەکی فیزیکی لە نێوان خۆماندا نەبینین.

 

 

حەسەکە

ئەمڕۆ بە ئامانجی ئیدانەکردنی پیلانگێڕییەکە و بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەلی  حەسەکە بە هەموو نەتەوەکانەوە، کوردەکان، عەرەبەکان، سوورییەکان و ئەرمەنییەکان ڕژانە سەر شەقام و داوای زیادکردنی ئاستی خەبات و بەرخۆدانیان کرد، خۆپیشاندەران ئاڵای پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە و کۆنگرەی ستارو وێنەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانیان هەڵگرت و دروشمی "بە یەکگرتوویی گەلان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانمان تێکدەشکێنن و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" بەرز کرایەوە.

 

"بەرخۆدان تاکە ڕێگەیە بۆ لەناوبردنی پیلانگێڕییەکان"

شیراز حەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامبوونی پیلانگێڕییەکەی ساڵی ١٩٩٩ بووەو وتی: ئامانجمان ئەوەیە پەیامێک بنێرین بۆ پیلانگێڕەکان کە ئێمە شوێن بیرۆکەکانی ڕێبەرمان دەکەوین، بە دڵنیاییەوە خاکەکەمان لە دەستی دەوڵەتی تورک ڕزگار دەکەین، پێویستە خەڵکی ناوچەکە تێکۆشان بۆ ئەوە زیاد بکەن، ئێستا پلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەمووان ڕوونە و بەرخۆدان تاکە ڕێگەیە بۆ شکستپێهێنانی پیلانەکان.

 

"بە یەکێتی ئامانجی پیلانگێڕییەکە تێکدەشکێنین"

غەریب حسۆ بە ناوی خۆبەڕێوەبەرییەوە ڕایگەیاند پلانەکە خیانەت بووە و وتی :پێویستمان بە یەکگرتووییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، ئامانجی پیلانگێڕان لەناوبردنی گەلی کوردە و بە یەکێتی ئەم ئامانجە دەبەزێنین، ئێستا کاتی بوون و لەناوچوون هاتووە، دەبێت خاوەنداری لە هەزاران شەهید بکەین.

 

قامیشلۆ

ئەمڕۆ، دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی دێریک و تربە سپی کرد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دانیشتوانی قامیشلۆ ڕوویان لە بنکەی ڕوسیا لە قامیشلۆ کرد و ناڕەزایی خۆیان لە بێدەنگییەکەیان دەربڕی، لە هەمان کاتدا سەدان کەس بە بۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ٩ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد، ڕێپێوانەکە لە فولکەی جوتیارانی قامیشلۆ دەستیپێکرد و بوو بە گردبوونەوەیەک لەبەردەم بنکەی ڕوسیا.

 

نەسرین دۆکۆ بە ناوی دەستپێشخەری گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەی کرد.

 

"هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەم تا ئەمڕۆش بەردەوامە"

لە سەرەتای قسەکانیدا نەسرین دۆکۆ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد و وتی: ٢٥ ساڵ لەمەوبەر ڕێبەر ئاپۆ وەک ئەمڕۆ لە سووریا دەرکرا، بۆ ئەوەی کێشەی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نەکرێت، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆش ئەم پیلانگێڕییە بەردەوامە ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی بەرخۆدان دەکات بۆ ئەوەی بە شکۆمەندی بژی، نابێت ئیرادەمان بشکێندرێت و بەو باوەڕەوە چووینە مەیدان.

 

"هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەسەر ئەم خاکەن"

ئەمینە بەرەکات خەڵکی عەفرین هەڵوێستی خۆی لە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ڕاگەیاند و وتی هێزەکانی هاوپەیمانان (هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی ڕۆژئاوا) بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە و بێدەنگ ماونەتەوە سەبارەت بە کردەوەکانی تورکیا، هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەسەر ئەم خاکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەمینە بەرەکات داوای کۆتاییهێنانی بە هێرشەکان کردو پشتڕاستی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان، ئاماژەی بەوەدا دەیان کەس لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون و هاوخەمی خۆیان بۆ خێزانەکانیان دەربڕی.