تاژێ لە ٨ی ئاداردا نامەیەکی بۆ ژنانی ئەفغانستان نارد
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ نامەیەکی بۆ ژنانی ئەفغانستان نارد و ڕایگەیاند کە ڕێگای چارەسەرکردن و ئازادی لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک خەبات و بەرخۆدانە.
شەنگال
لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ نامەیەکی ئاراستەی ژنانی ئەفغانستان کرد کە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە لایەن تاڵیبانەوە دەجەنگن، تیایدا هاتووە، "ڕاستی ئازادیی ژنان ئازادی کۆمەڵگەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سیستمی سەرمایەداری هەوڵی لەناوبردنی ئیرادە و هێزی ژنان دەدات لە ڕێگەی میتۆدی جۆراوجۆرەوە، هەروەها ڕێگای چارەسەرکردن و ئازادی بەرامبەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژی خەبات و بەرخۆدانە.
"فەلسەفەی ژن-ژیان-ئازادی بەرزتر دەبێتەوە"
نامەکەی تاژێ بۆ ژنانی ئەفغانستان بەم شێوەیەیە:
"پێش هەموو شتێک، ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین، پیرۆزبایی تایبەت لە ژنانی تێکۆشەر، خۆڕاگری و ژنانی شۆڕشگێڕ دەکەین کە تا ئێستاش لە دژی ستەمی تاڵیبان خەبات دەکەن. دژی هۆشیاری پیاوسالاری بە ڕۆحی کلارا زەتکین، هێمای ٨ی ئادار، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، هێمای یەکگرتوویی گەلان، خوشکانی میرابال، هێمای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ژنە ئێزدی بێریڤان جزیرە، هێمای یاخیبوون، ساکینە جانسز، هێمای خەبات و بەرخۆدان، ژینا ئەمینی، هێمای ئازادی و هەروەها ژنی پێشەنگی مافەکانی ژنان مینا کەشوار کەمال، فەلسەفەی ژن-ژیان-ئازادی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.
مێژووی ئازادی ژن چاوەڕێی نووسینەوەیە
ڕاستییەکە ئەوەیە ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە، هەر بەم هۆیەشەوە سیستمی سەرمایەداری هەوڵی لەناوبردنی ئیرادە و هێزی ژنان دەدات بە ڕێگەی جۆراوجۆر، بێگومان تەنها یەک چارەسەر و ئازادی هەیە بەرامبەر ئەو ستەم و کۆیلایەتی و توندوتیژییەی کە لەسەر ژنان و لەسەر کۆمەڵگە وەک ژنێک ئەنجام دەدرێت، ئەویش خەبات و بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، ئەمە ئەو واقیعەیە کە ئەمڕۆ لە ئەفغانستان و لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە، سەرچاوەی هێزی ژنانمان لە خەباتدا هەمیشە یەکگرتوویی ئێمەیە، مێژووی کۆیلایەتی ژن نەنووسراوە، مێژووی ئازادی ژن چاوەڕێی نووسینەوەیە، لە سەدەی بیست و یەکدا، ئەمڕۆ لە شنگالەوە تا ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئەفغانستانەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگری ئازادی لە جیهاندا زیاتر و زیاتر گوڕ دەبێتەوە، ئەمەش باجێکی قورسی هەیە، بەڵام ئازادی بێ قوربانی نییە. هەمیشە لە تاریکیدا، حەقیقەت وەک خۆر وایە، سیستەم هەرچییەک بکات، ناتوانێت ڕێگری لە ڕووناکی و گەرمی خۆی بکات.
یان ئازادی یان ئازادی
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، هەرگیز بێ دادپەروەری و چەوساندنەوەی تاڵیبان لەسەر کۆمەڵگەی ئەفغانستان، بەتایبەتی لەسەر ژنانی ئەفغانستان قبوڵ ناکەین، جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە خەباتی ئێوەی ژنانی ئەفغانستان دژی تاڵیبان زۆر بە گرنگ دەزانین و سڵاوتان لێدەکەین، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی ئێوەین، هیوای سەرکەوتنی بێکۆتاتان بۆ دەخوازین لە تێکۆشانتان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و دیموکراسی، جارێکی تر پیرۆزبایی ٨ی ئادارتان لێدەکەین و دەڵێین یان ئازادی یان ئازادی.