ئایسەل توغلوک و ٣ سیاسەتمەداری دیکە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا

سیاسەتمەداران ئایسەل توغلوک، هەلیل ئاکسۆی، نازمی گور و عادل زۆزانی بە کۆی گشتی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە" سزای ٢٧ ساڵیان بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دانیشتنی یازدەیەمی دادگا سەبارەت بە دۆسیەی فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و ئەرتوغرول کورکچو، سەرۆکی فەخری هەدەپە، ئایسەل توغلوک، هاوسەرۆکی هەدەپە و سیاسەتمەداران نازمی گور، عسات جانان، عادل زۆزانی و هەلیل ئاکسۆی و حوسمەتین زندەرلیئۆغڵو، سیاسەتمەداران، بە کۆی گشتی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە" سزای ٢٧ ساڵ بەسەر ئایسەل توغلوک و سێ سیاسەتمەداری تردا سەپێندرا.

 

 

لە دانیشتنەکەدا کە لە دادگای تاوانە قورسەکانی ٢ی جولەمێرگ بەڕێوەچوو، هەلیل ئاکسۆی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ئاشتی و دیموکراسی-دەبەپەی ئاگری، لە زیندانی مەرمەرا و سیاسەتمەدار نازمی گور لە زیندانی ژمارە ٢ی جۆری F لە سینجان لە ڕێگەی ئامێری دەنگییەوە و سیاسەتمەدار عادل زۆزانیش بە ئامادەیی ڕاستەخۆ بەشداری دانیشتنەکە بوون و پارێزەرانی سیاسەتمەدارانیش بەشداری دانیشتنەکەیان کرد.

 

دۆسیەی سیاسەتمەدارانی فیگەن یوکسەکداغ، ئەرتوغرول کورکچو و هوسامەتین زندەرلیئۆغڵو، لە دانیشتنەکانی پێشوودا دۆسیەکەیان لەگەڵ کەیسەکانیان لە کەیسەکانی دیکە جیاکرایەوە.

 

دوای بەرگریکردن، دادگا بڕیاری خۆی ڕاگەیاند. دادگا بۆ عادل زۆزانی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ، بۆ هەلیل ئاکسۆی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ، بۆ ئایسەل توغلوک سزای ٦ ساڵ، و بۆ نازمیر گور سزای ٦ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە"ی سەپاند.

 

هەروەها عیسات جانان بێتاوان دەرچوو.

 

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنەکە

لە ٢٣ی تەمموزی ٢٠١٢ لە ناوچەی شەمزینان لە جولەمێرگ شەڕ لە نێوان سوپای دەوڵەتی تورکیا و هەپەگە ڕوویدا و نزیکەی ٢ هەفتەی خایاند. دوای ئەمەش لە ١٧ی ئابی ٢٠١٢ وەفدێکی KCD، ESP، EMEP، SDP و ODP سەردانی هەرێمییان کرد.

 

لە ڕێگای گەڕانەوەدا ٤ ئەندامی هەپەگە ڕێگای شاندەکەیان گرت و ناسنامەی ئەو کەسانەی ناو شاندەکەیان پشکنی. ئەم دیمەنانە لە چاپەمەنی تورکیاشدا بڵاوکرانەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ساڵی ٢٠٢١ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە"، لێکۆڵینەوە فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و ئەرتوغرول کورکچو، سەرۆکی فەخری هەدەپە، ئایسەل توغلوک، هاوسەرۆکی هەدەپە و سیاسەتمەداران نازمی گور، عسات جانان، عادل زۆزانی و هەلیل ئاکسۆی و حوسمەتین زندەرلیئۆغڵو دەستی پێکرد.

 

ئەو تۆمەتە کە لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢ لەلایەن ئەحمەد ئاڵتون، داواکاری گشتی ئەنقەرە ئامادەکراوە، بە بیانووی "ئەو شوێنەی تاوانەکەی تێدا ئەنجامدراوە" ڕەوانەی جولەمێرگ کراوە.