مانگی زێڕین، چالاکییەکانیان بۆ ٨ی ئادار چڕ دەکاتەوە

مانگی زێڕین لە شاری حەسەکە، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی نمایشە هونەریەکانییەوە، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی ٨ی ئادار دەکات.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، لەلایەن ڕێکخراوە جیاوازەکانی وەک بزووتنەوەی مانگی زێڕین و چەندین ڕێکخراوی دیکە، لە شاری حەسەکە، لە کانتۆنی جەزیرە ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕێگەی نمایشی گۆرانی، شانۆیی کە تیشک دەخەنە سەر خەبات و تێکۆشانی ژنان و ئەو دەستکەوتانەی کە لە شۆڕشدا بەدەستیان هێناوە، یادی ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەنەوە.

 

بێریڤان حسێن، ئەندامی بزوتنەوەی مانگی زێڕین ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی سێ مانگە ڕاهێنان بۆ چالاکییەکانی ٨ی ئادار دەکەن، وتی: بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان تیپێکی شانۆمان هەیە، سەر بە شاری حەسەکەن بە ناوی 'دارسین'، تیپەکە لە ١٠ ژن پێک دێت، جگە لەوە تیپی شارۆچکەکانی دیکە هەن وەک، شارۆچکەی تەل باراک و تەل تەمر، تیپێکی ئەرمەنی، ئاوارەکانی سەرێکانی بە تیپێکی جیاواز بەشدار دەبن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئاداردا، چالاکییەکانیان چڕ کردووەتەوە، پێشتر هەفتەی جارێک ڕاهێنانیان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە ڕاهێنان دەکەن، ژنان لە تەمەنە جیاوازەکان بەشداری لە تیپەکاندا دەکەن، گۆرانی و شانۆییەکان پەیامی ڕاستەقینەیان هەن و سەرجەمیان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە  وبەروپێشبردنی بیری ئازادی ژنن.

 

بێریڤان حسێن لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: بزووتنەوەی مانگی زێڕین جیاوازە چونکە ئەندامەکانی هەموویان ژنن، ئێمە بەشداری سەرجەم گروپە هونەریەکان دەکەین و نمایشی جیاواز بۆ ژنان و کۆمەڵگە پێشکەش دەکەین، داوا لە ژنان دەکەم بەو ئامانجەوە بەشداری بزووتنەوەکە بکەن کە هەوڵێک بێت بۆ پەرەپێدانی بەهرە هونەرییەکانیان.