ئاهەنگی ٨ی ئادار لە زانکۆی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو
بەبۆنەی هاتنی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە ٨ی ئادار، ئەنجومەنی ژنانی زانکۆی ڕۆژئاوا ئاهەنگێکی سازکرد لە قامیشلۆی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
قامیشلۆ
ڕیزە چالاکی کەمپەینی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی بۆ ٨ی ئادار بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، سیاسەتی قڕکردن، داگیرکردن و گۆشەگیری تێکدەشکێنین" بەردەوامەو ئەمڕۆ ٥ی ئادار ئەنجومەنی ژنانی زانکۆی ڕۆژئاوا لە هۆڵی زانکۆ لە قامیشلۆ ئاهەنگێکی سازکرد.
هۆڵی زانکۆکە بە دروشم و ئاڵای پەیوەندیدار بە ٨ی ئادار ڕازێندرابووەوە، دەیان خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان و تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان بە جلوبەرگی فۆلکلۆری و ڕەنگاوڕەنگەوە ئامادەی ئاهەنگەکە بوون.
"هەموو ساڵێک هیوا زیاد دەکات"
ئەنجومەنی ژنانی زانکۆی ڕۆژئاوا ئەم ڕۆژەی لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز کردو هیوای خواست کە ساڵانی داهاتوو بۆ ژنان ببێتە ساڵی هیوا و هێز چونکە ژنان پێشەنگن، لە ئاهەنگەکەدا گۆرانییە جیاوازەکان دەربارەی خەباتی ژنان لەلایەن گۆرانیبێژانەوە وترا.
ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.